روسیا مانۆرێكی سه‌ربازیی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له ئێران و چین له ناوچه‌ی كه‌نداو راگه‌یاند
K24- هه‌ولێر:
لیڤان جاگریان، باڵیۆزی رووسیا له تاران رایگه‌یاند، كۆتایی ئه‌مساڵ و سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو مانۆرێكی سه‌ربازیی هاوبه‌ش له نێوان رووسیا، ئێران و چین له ناوچه‌ی كه‌نداو به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
جاگاریان له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی نوفوستی رووسی گوتی: "له‌كۆتایی ئه‌مساڵ و سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو، مانۆرێكی سه‌ربازیی ساڵانه‌ی هاوبه‌ش له نێوان وڵاته‌كه‌ی و هه‌ریه‌ك له ئێران و چین له ناوچه‌ی كه‌نداو به‌ڕێوه‌ده‌چێت و كه‌شتیگه‌له سه‌ربازییه‌كانی هه‌رسێ وڵات تێیدا به‌شدار ده‌بن".
باڵیۆزی رووسیا له ئێران ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌ركی سه‌ره‌كی ئه‌و مانۆره خۆی له مه‌شقپێكردنی میكانیزمی رێكاره‌كانی پاراستنی سه‌لامه‌تی بازرگانی ده‌ریاوانی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌ته‌كانی ده‌ریادا ده‌بینێته‌وه.
گوتیشی: ئاماده‌كارییه‌كان بۆ پیشبڕكێی ناو قووڵایی ده‌ریا ته‌واوبوونه، كه له میانه‌ی خولی یارییه سه‌ربازییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له شاری چابهاری ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چن.
روونیشیكرده‌وه، "جگه له رووسیا و ئێران و چین، هه‌ریه‌ك له وڵاتانی سووریا، ڤه‌نزوێلا و هیندستانیش له مانۆره‌كه‌دا به‌شدار ده‌بن".
ئاشكراشیكرد، ركابه‌ری له‌نێوان تیمی ده‌ریاوانی سه‌ر به هێزه چه‌كداره‌كانی ئه‌و وڵاتانه به‌ڕێوه‌ده‌چن و نوێنه‌رانی فه‌رمانده‌یی هێزی ده‌ریاوانی رووسیا بۆ رێوڕه‌سمی كردنه‌وه و كۆتاییهاتنی ئه‌و كێبڕكێ سه‌ربازییه ئاماده ده‌بن.
كه‌شتیی "یاروسلاف مۆدری" جه‌نگی رووسیا
سه‌رچاوه: نوفوستی + سپۆتنیك
H.B