وه‌زیرێكی پێشووی ئه‌فغانستان له ئه‌ڵمانیا كاری دلیڤه‌ری ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو پاره‌كانی له‌ده‌ستدا، "سه‌ید ئه‌حمه‌د سادات"، وه‌زیری پێشووی په‌یوه‌ندی و ته‌كنه‌لۆژیای ئه‌فغانستان ئێستا له كۆمپانیایه‌كی گه‌یاندنی داواكاری خواردنی ئاماده‌كراو له ئه‌ڵمانیا كاری دلیڤه‌ری ده‌كات.
رۆژنامه‌ی "فۆلكسزیتونگ"ی ئه‌ڵمانی بڵاویكرده‌وه، سادات له مانگی (كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2020) له ئه‌فغانستانه‌وه به‌ره‌و شاری "لاپزیگ"ی ئه‌ڵمانیا ده‌ڕوات و واز له پۆسته وه‌زارییه‌كه‌ی ده‌هێنێت.
رۆژنامه‌كه له راپۆرته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، سادات له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی گه‌یاندنی داواكاری خواردنی ئاماده‌كراو كارده‌كات، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی هێنابووی، هه‌مووی خه‌رج كردووه.
سادات ئاماژه‌ی به‌وه كرد، "ئێستا ژیانێكی ساده ده‌ژیم، لێره له ئه‌ڵمانیا هه‌ست به ئارامی ده‌كه‌م و له شاری "لاپزیگ" ئاسووده‌م، ده‌مه‌وێت هه‌ندێك پاره كۆبكه‌مه‌وه، تا به‌شداری خولێكی فێربوونی زمانی ئه‌ڵمانی بكه‌م و زیاتر بخوێنم".
گوتیشی: "داواكاریم بۆ چه‌ندین پیشه‌ی جیاواز پێشكه‌شكرد، به‌ڵام ئه‌نجامی نه‌بوو، خه‌ونی ئه‌وه‌م هه‌بوو، له كۆمپانیایه‌كی په‌یوه‌ندیكردندا كاربكه‌م".
سادات ئاشكرایكرد، پێشتر نیشته‌جێی به‌ریتانیا بووه و كاتێك له ئه‌فغانستانه‌وه بانگهێشتنامه‌یه‌كی پێگه‌یشتووه بۆ ئه‌وه‌ی ببێته وه‌زیرێكی حكومه‌ت له كابول، بۆیه ئه‌وێی به‌جێهێشتووه و بۆ ئه‌فغانستان گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
دوای بڕیاری كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان، بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان زۆر به خێرایی وڵاته‌كه‌ی كۆنترۆڵ كرد و له 15ی ئه‌م مانگه‌ش ده‌ستی به‌سه‌ر كابولی پایته‌ختدا گرت و سه‌رجه‌م وه‌زیر و به‌رپرسانی حكومه‌ته‌كه رایانكرد، به "ئه‌شره‌ف غه‌نی" سه‌رۆكیشه‌وه.
د.ی