ئەنجامی راپۆرتێکی هەواڵگری ئەمەریکا لەبارەی کۆرۆنا ئاشکرا دەکرێت

واشنتن پۆست: هەواڵگری ئەمەریکا لە دیاریکردنی سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا شکستی هێناوە
کۆرۆنا
کۆرۆنا

K24 - هەولێر

سەرۆکی ئەمەریکا دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەی راسپاردبوو، کە راپۆرتێک لەبارەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ئامادە بکەن و سەرچاوەکەیشی دیاربکەن، رۆژنامەیەک دەڵێ "هەواڵگری ئەمەریکا لە دیاریکردنی سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا شکستی هێناوە".

رۆژنامەی واشنتن پۆست ئاشکرایکرد "دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا لە دیاریکردنی سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا شکستی هێناوە، دیار نییە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە تاقیگە چینییەکەوە بووە، یان لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ گوازراوەتەوە".

وەک رۆژنامەکە ئاماژەی پێکردووە "راپۆرتێک لە ماوەی 90 رۆژ لەلایەن توێژەرانەوە ئامادەکراوە، رادەستی جۆو بایدن کراوە، بەڵام بابەتی سەرچاوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە یەکلانەکراوەتەوە".

لە مانگی ئایاری 2021، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەی، بۆ ئامادەکردنی راپۆرتێک لەبارەی سەرەتای دەرکەوتنی کۆرۆنا راسپارد.

یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 لە شاری ووهانی هه‌رێمی هوبێی چین تۆمارکرا، كه‌ ژماره‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی 11 ملیۆن كه‌سه‌، دواتر ڤایرۆسەکە بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە، تا ئێستا زیاتر له‌ 214 ملیۆن كه‌س تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوونه‌ و نزیكه‌ی 4 ملیۆن و 465 هه‌زار كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، هاوكات بووە هۆی داڕمانی زۆربەی سێکتەرەکانی ئابووری لە جیهان. کە دوای بەرهەمهێنانی ڤاکسینی دژە کۆرۆناش هێشتا نەتوانراوە دۆخه‌كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی کۆنترۆڵ بکرێت و ژیان ئاسایی بکرێتەوە.

نەخۆشخانەی تایبەتی چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا لە شاری وهان - مانگی شوباتی 2020
نەخۆشخانەی تایبەتی چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا لە شاری ووهان - مانگی شوباتی 2020