ژن و مێردێكی كورد وه‌ك راوێژكار له سوپای ئه‌مه‌ریكا كارده‌كه‌ن

K24 - هه‌ولێر:
ژن و مێردێكی كورد دوای ته‌واوكردنی سه‌رجه‌م مه‌شق و راهێنانه سه‌ربازییه‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا، وه‌كو سەربازی پسپۆڕ "specialist" و راوێژكاری كولتووری "Calture advisor" داده‌مه‌رزێن، له‌گه‌ڵ كاره‌كه‌یاندا توانیویانه کورد و کوردستان و قوربانیانی كورد به ئەفسەر و سەربازانی سوپای ئەمه‌ریکی بناسێنین.

هەوراز سەرچڵ جه‌لال، به كوردستان24ی راگه‌یاند، له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌یدا پێکەوە لە بەناوبانگترین بنکەی مەشقی سەربازی، بە ناوی "فۆرت جاکسن" لە کارۆلاینای خواروو، دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆری جەستەیی و زیهنی، له‌گه‌ڵ شه‌ونخوونی و چەشتنی گه‌رما و سه‌رمایه‌كی زۆر توانیویانه سەرجەم مەشق و راهێنانه سه‌ربازییه‌كانی سوپای ئەمەریکی U.S Army تەواو بکەن.

هه‌وراز گوتی: "له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌م "هێژا جەبار حەمە‌ساڵح"، لە بەناوبانگترین بنکەی مەشقی سەربازی بە ناوی "فۆرت جاکسن" لە کارۆلاینای خواروو وه‌كو سەربازی پسپۆڕ "specialist" و راوێژكاری كولتووری "Calture advisor" سه‌رجه‌م مه‌شق و راهێنانه سه‌ربازییه‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكایان ته‌واو كردووه و دامه‌زراون".

گوتیشی: "دوای تەواوکردنی خوێندن لە پەیمانگای زمان له وه‌زارەتی بەرگری ئەمەریکا، لە سەربازگەی هێزی ئاسمانی ئەمەریکی بە ناوی "لۆکلاند" لە تەکساس، دواتر تەواوکردنی خولی مەشقی تاکەکەسی پێشکەوتوو لە سکوڵی هەواڵگری بەناوی "فۆرت هەچوکە" لە ئەریزونا بە سەرکەوتوویی تەواو بکەین".

هه‌وراز ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئێستا تاکە دوو هاوسەری کوردین له سوپای ئەمه‌ریکی، وەکو راوێژکاری جەنگ Combat Advisor له سەربازگەی "فۆرت پۆڵك" له ویلایەتی "لویزیانا" دەستبەکاربووین.
هه‌وراز و هێژا خه‌ڵكی سلێمانین و له ئه‌مه‌ریكا ده‌ژین، ئه‌و دوو هاوسه‌ره به‌یه‌كه‌وه له سوپای ئه‌مه‌ریكا كارده‌كه‌ن و راوێژكار و وه‌رگێڕن له سه‌ربازگه‌ی "فۆرت پۆلك"، وه‌كو دوو كوردیش به‌شدارییان له بۆنه كولتوورییه‌كاندا كردووه.

هه‌وراز ئاشكرای كرد، توانیویانه کورد و کوردستان و قوربانی نیشتمان و سەرکردە مەزنەکانمان بە ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسەر و سەربازانی سوپای ئەمه‌ریکی بناسێنین.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، له ساڵی 2012ـه‌وه له ئه‌مه‌ریكا ده‌ژی و له مانگی (نیسان/ ئه‌پرێلی 2020)ـه‌وه له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی "هێژا جەبار حەمە‌ساڵح"، چوونه‌ته پاڵ سوپای ئه‌مه‌ریكا و دوای ته‌واوكردنی سه‌رجه‌م مه‌شقه‌كان، به فه‌رمی وه‌كو راوێژكار و وه‌رگێڕ دامه‌زراون و له سه‌ربازگه‌ی "fort polk" نیشته‌جێن.


.jpg)










د.ی