په‌يامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ يادى ئه‌نفالى بادينان

"سوپاس و رێز و پێزانين بۆ خه‌ڵكى جوامێرى هه‌ولێر و به‌حركه،‌ كه‌ به‌ هاناى لێقه‌وماوانى ئه‌نفالى بادينانه‌وه‌ هاتن"
نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكدا رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ يادى 33 ساڵه‌ى ئه‌نفالى بادينان ده‌كه‌ينه‌وه‌ و به‌ رێز و شكۆوه‌ شه‌هيدان به‌ بيرده‌هێنينه‌وه،‌ كه‌ تاوانكاران له‌ به‌رده‌واميى ئه‌و شاڵاوه‌دا، زۆر به‌ دڕنده‌يى له‌ تاوانێكى بێهاوتادا له‌ گه‌رميانه‌وه‌ تا دوايين دێهاته‌كانى بادينان (182) هه‌زار هاووڵاتيى كوردستانيان به‌ره‌و بيابانه‌كانى مه‌رگ له‌ باشوورى عيراق راكێشكرد.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی-دا هاتووه‌، تاوانكاران وه‌ك چۆن له‌ بادينان كرديان، بێ جياوازى مزگه‌وت و دێر و ماڵ و خانوو و ره‌ز و باخى هه‌موو پێكهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ و سروشت و ژينگه‌ى كوردستانيان پێكه‌وه‌ رووخاند و سووتاند.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی له‌ يادى ئه‌نفالى بادينان:

ئه‌مڕۆ يادى 33 ساڵه‌ى ئه‌نفالى بادينان ده‌كه‌ينه‌وه‌ و به‌ رێز و شكۆوه‌ شه‌هيدان به‌ بيرده‌هێنينه‌وه،‌ كه‌ له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانى 25ى ئاب تا 6ى ئه‌يلوولى 1988 و له‌ دوا قۆناغى ئه‌نفاله‌كاندا، به‌ پێنج فيرقه‌ى سه‌ربازيى عيراق به‌رامبه‌ر خه‌ڵكى سڤيلى بادينان ئه‌نجام دران.

تاوانكاران له‌ به‌رده‌واميى ئه‌و شاڵاوه‌دا، زۆر به‌ دڕنده‌يى له‌ تاوانێكى بێهاوتادا له‌ گه‌رميانه‌وه‌ تا دوايين دێهاته‌كانى بادينان (182) هه‌زار هاووڵاتيى كوردستانيان به‌ره‌و بيابانه‌كانى مه‌رگ له‌ باشوورى عيراق راكێشكرد و وه‌ك چۆن له‌ بادينان كرديان، بێ جياوازى مزگه‌وت و دێر و ماڵ و خانوو و ره‌ز و باخى هه‌موو پێكهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ و سروشت و ژينگه‌ى كوردستانيان پێكه‌وه‌ رووخاند و سووتاند.

ئه‌نفالى بادينان و هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ى به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لى كوردستان ئه‌نجام دران، زام و برينى هه‌ميشه‌ كراوه‌ن، هه‌رگيز له‌ بير ناچنه‌وه‌ و نيشانه‌ى سته‌ملێكراويى گه‌لێكى ئاشتيخوازن، كه‌ ته‌نيا داواى ژيان و ئازادى و مافى خۆيان كردووه‌. ئه‌م ياده‌ و مێژووى پڕ له‌ كاره‌سات و مه‌ينه‌تيى گه‌لى كوردستان، وه‌ك هه‌ميشه‌ بۆ گه‌يشتن به‌ خه‌ون و ئاواته‌كانى، مكوڕترى ده‌كات.

يادى شه‌هيدان و ره‌نج و قوربانييه‌كانى گه‌لى كوردستان هانمان ده‌دات، كه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنى سه‌ختييه‌كانى ئێستا و له‌پێناو داهاتوويه‌كى باشتردا بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستان، يه‌كڕيزيى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌ييمان پته‌وتر بكه‌ين. له‌م ياده‌دا جه‌خت ده‌كه‌ينه‌وه‌، كه‌ حكومه‌تى فيدراڵى عيراق ده‌بێت بڕياره‌كانى دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عيراق بۆ قه‌ره‌بۆكردنه‌وه‌ى قوربانييان جێبه‌جێ بكات، له‌ هه‌رێمى كوردستانيش خزمه‌تى زياتر به‌ كه‌سوكارى شه‌هيدان و ئه‌نفالكراوان بكرێت.

ده‌بێت كارى جددى بۆ به‌دۆكيومێنتكردنى تاوانه‌كان و ناساندنيان به‌ جينۆسايد له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى بكرێت و هه‌موو هه‌وڵێك بخرێته‌ گه‌ڕ تا رێگه‌ له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ى تاوانكاريى وا له‌ هه‌موو شوێنێكى سه‌رزه‌مين بگيرێت و مرۆڤايه‌تى هه‌رگيز تاوانى وا نه‌بينێته‌وه‌.

سوپاس و رێز و پێزانين بۆ خه‌ڵكى جوامێرى هه‌ولێر و به‌حركه،‌ كه‌ به‌ هاناى لێقه‌وماوانى ئه‌نفالى بادينانه‌وه‌ هاتن، يارمه‌تييان دان و ئامێزى ميهره‌بانييان بۆ كردنه‌وه‌. يادى شه‌هيدانى ئه‌نفال و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان هه‌ميشه‌ به‌ خێر و سڵاو و دروود له‌ گيانى پاكيان.

 

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2021/8/25