پەیامی سەرۆك بارزانی لە یادی سی و سێ ساڵەی ئەنفالی بادینان

"گەلی كوردستان لەبەرانبەر ئەم كۆمەڵكوژییه‌ خۆی بەدەستەوەنەدا و ئەوە دوژمنان و تاوانباران بوون، كە كەوتنە زبڵدانی مێژوو"
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، له‌ یادی ئه‌نفالی بادینان له‌ په‌یامێكدا رایگه‌یاند، سی و سێ ساڵ لەمەوبەر رژێمی پێشووی عێراق لە تاوانێكی تر و لە دوایین قۆناغی پڕۆسەی ئەنفالدا پاش بۆردومان و كیمیابارانكردنی زۆربەی زۆری دەڤەری بادینان، خەڵكی ئەو ناوچانە و پێكهاتەكانی رووبەڕووی گرتن و بێسەروشوێن كردن و راگواستن كردەوە.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی-دا هاتووه‌: گەلی كوردستان خاوەنی ئیرادە و قەزییەكی رەوا بوو و لەبەرانبەر ئەم جینۆساید و كۆمەڵكوژی خۆی بەدەستەوەنەدا و ئەوە دوژمنان و تاوانباران بوون، كە كەوتنە زبڵدانی مێژوو.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

سی و سێ ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی پێشووی عێراق لە تاوانێكی تر و لە دوایین قۆناغی پڕۆسەی ئەنفالدا پاش بۆردومان و كیمیابارانكردنی زۆربەی زۆری دەڤەری بادینان، خەڵكی ئەو ناوچانە و پێكهاتەكانی رووبەڕووی گرتن و بێسەروشوێن كردن و راگواستن كردەوە. لەو تاوانەدا حكومەتی عێراقی سەدان هەزار هێزی پڕچەكی لەدژی دانیشتوانی بێتاوانی بادینان بەكارهێنا.

ئەم تاوانە درێژكراوەی ئەو زنجیرە تاوان و كارەساتانە بوو، كە لە سەدەی رابردوو دژی رۆڵەكانی گەلەكەمان لە بارزان و گەرمیان و هەڵەبجە و تەواوی كوردستان بەڕێوەچوو.

دوژمنانی گەلی كوردستان بەبەرچاوی هەموو جیهان پێشكەوتووترین چەك و قێزەوەنترین سیاسەتیان بۆ قڕكردن و لەناوبردنی گەلی كوردستان بەكارهێنا. بەڵام گەلی كوردستان خاوەنی ئیرادە و قەزییەكی رەوا بوو و لەبەرانبەر ئەم جینۆساید و كۆمەڵكوژی خۆی بەدەستەوەنەدا و ئەوە دوژمنان و تاوانباران بوون، كە كەوتنە زبڵدانی مێژوو. ئەمە وانەیەكی پڕمانایە هەم بۆ رۆڵەكانی گەلەكەمان و هەمیش بۆ نەیاران و ناحەزانی گەلی كوردستان.

لە ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدان و ئەنفالكراوان دەنێرین و پێداگری لەسەر مافە رەواكانی گەلەكەمان دەكەینەوە. پێویستیشە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی جینۆساید و ئەو تاوان و زوڵمانە بكات، كە دەرهەق میللەتەكەمان كراوە.

 

مسعود بارزانی

25ـی ئابی 2021