سەرپەرشتیار بۆ هەردوو ئیدارەی سۆران و زاخۆ دیاریدەکرێت

وەزیری ناوخۆ: لیژنەیەکی تایبەت بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکانی هەردوو ئیدارەی سەربەخۆ پێکهێنراوە
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی وەزیری ناوخۆ و هەردوو پارێزگاری هەولێر و دهۆک
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی وەزیری ناوخۆ و هەردوو پارێزگاری هەولێر و دهۆک

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک لەبارەی رێکارەکانی بە ئیدارەبوونی سۆران و زاخۆ لە وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەچوو، دوای کۆبوونەوەکەش وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەوڵدەدەن بە زووترین کات ئیدارەی سۆران و زاخۆ پێکبهێنن و سەرپەرشتیاری هەردوو ئیدارەش دیاریدەکەن.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هەردوو پارێزگاری هەولێر و دهۆک گوتی: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا بڕیاردرا پێداچوونەوە بە هیکەلیەتی ئیدارە سەربەخۆکان بکرێت، لیژنەیەکی تایبەت دروستکرا بۆ ئەوەی هەیکەلیەتی ئیدارەکان رێکبخرێت،و ئیدارەی سۆران و زاخۆش لەسەر ئەو بنەمایە دروست بکرێت، لە هەمانکاتدا ئەو وەزارەتانەی پێویستە بەڕێوەبەرایەتی گشتی لەو ئیدارە سەربەخۆیانە بکەنەوە، چونکە بەهۆی بارودۆخی ئابووری ناکرێ ئێستا هەموو وەزارەتەکان بەڕێوەبەرایەتی گشتی بکەنەوە، ئەو وەزارەتانەی کە پەیوەندی بە خزمەتگوزاری رۆژانەوە هەیە ئەوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی لە ئیدارەکانی سەربەخۆ دەکەنەوە".

گوتیشی: "لەسەر بابەتی بودجەی ئیدارە سەربەخۆکان گفتوگۆ کرا و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی دەکرێت، بۆ ئەوەی بودجەی پێویستیان بۆ دابین بکرێت، هاوکات قسە لەسەر میلاکات کرا، پێویستە دەسەڵات بدرێت بە وەزارەت و ئیدارە سەربەخۆکان، بۆ ئەوەی بتوانن فەرمانبەر لە فەرمانگەیەک بۆ فەرمانگەیەکی دیکە بگوازنەوە بەپێی پێویست، ئەگەر پێویستیان بە میلاکاتی زیاتر بێت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی بڕیاری پێویستی لەسەر بدرێت‌".

وەزیری ناوخۆ، ئاماژەی بەوەشدا: "پارێزگارەکان رۆڵی سەرەکیان دەبێت لە جێبەجێکردنی ئیدارەی سەربەخۆ. لیژنەیەک دروستکراوە بە نوێنەرایەتی وەزارەتەکانی ناوخۆ، وەزارەتی دارایی،و پارێزگارەکانی هەولێر و دهۆک، لەگەڵ دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی هەنگاو بە هەنگاو دیراسەی جێبەجێکردنی بڕیارەکە بکەین، ئومێد دەکەین لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو دوو ئیدارەیە بخەینە سەرپێ و پێداویستیەکانیان دابین بکرێت، جێبەجێکردنی بڕیاری دوو ئیدارەی کاتی پێویستە، بەڵام ئەوەی لەسەر شانی ئێمەیە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و فەرمانی سەرۆکی حکومەت، کە دەبێ پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە".

لەبارەی دیارکردنی سەرپەرشتیارانی هەردوو ئیدارەی سۆران و زاخۆ، رێبەر ئەحمەد، گوتی: "تائێستا کەس وەک سەرپەرشتیار بۆ ئەو دوو ئیدارەیە دیار نەکراوە، بەڵام بێگومان سەرپەرشتیار دیار دەکرێن و پێشنیار هەیە، بۆ ئەوەی سەرپەرشتیار دیار بکرێن، بەڵام پێش دیارکردنی سەرپەرشتیار دەبێ هەنگاوەکانی دیکە جێبەجێ بکرێن".

وەزیری ناوخۆ، باسی لەوەشکرد: "جێبەجێکردنی پێکهێنانی ئیدارەی سەربەخۆ بە چەند رۆژێک ناکرێت، بەڵام ئـێمە زۆر جدین لە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی حکومەت فەرمانی کردووە، بە زووترین کات ئەم هەنگاوانە بهاوێژرێن، دەستمان پێکردووە و ئەگەر لیژنەکان زوو کارەکانیان تەواو بکەن، ئەوەی لە دەسەڵاتی ئێمە بێت لە ماوەیەکی کەمدا بڕیاری لەسەر دەدەین، داوا لەو وەزارەتانە دەکەین کە بڕێوەبەرایەتی گشتی لە ئیدارە سەربەخۆکان دەکەنەوە زوو فەرمان دەربکەن، بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا بە دیوانی وەزارەت ببەسترێنەوە".