چوار ملیۆن ژەمە ڤاکسینی دیکە دەگاتە هەرێمی کوردستان

تا کۆتایی ساڵ 40٪ی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە ڤاکسین دەکوترێن
ڤاكسین
ڤاكسین

K24 – هەولێر

سەرۆکی لیژنەی کڕینی ڤاکسین لە وەزارەتی تەندروستی ئاشکرای دەکات، تا کۆتایی ئەمساڵ چوار ملیۆن ژەمە ڤاکسینی دیکە دەگاتە هەرێمی کوردستان و بەمەش 40٪ی هاووڵاتییان بە ڤاکسینی دژە کۆرۆنا دەکوترێن، موژدە بە هاووڵاتییان دەدات، لە ئایندەیەکی نزیکدا لەگەڵ کۆمپانیایەکی جیهانی دەگەنە رێککەوتن و هەرێمی کوردستان راستەوخۆ ڤاکسین دەکڕێت.

د. ئارام رۆستەم، سەرۆکی لیژنەی کڕینی ڤاکسین لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند: "تائێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و 150 هەزار ڤاکسین گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان، تا کۆتایی ئەمساڵ 4 ملیۆن ژەمە ڤاکسینی دیکە دەگاتە هەرێم، بەمەش ئەو کەسانە بە ڤاکسین بکوترێن کە پێویستە،و ژمارەیان سێ ملیۆن و 255 هەزار کەسە تا کۆتایی ساڵ ئامانجەکەمان بەدی دەهێنین".

روونیکردەوە: "بەگوێرەی پلانی خۆمان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق و (کۆڤاکس) دەبوایە تا کۆتایی ئەمساڵ 20٪ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بکوترێن، بەڵام بەپێی ئەو ڤاکسینەی کە دەگاتە هەرێمی کوردستان رێژەکە بەرزدەبێتەوە رەنگە بگات بە 40٪".

د. ئارام رۆستەم، ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو بڕە ڤاکسینەی بۆ هەرێمی کوردستان هاتووە، لە رێگەی حکومەتی عێراقەوە هاتووە، بەڵام وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆی بەردەوام داین، بۆ ئەوەی خۆمان بتوانین ژەمە ڤاکسین بۆ هاووڵاتییان دابین بکەین".

سەبارەت بەوەی بۆچی تائێستا وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە لەگەڵ کۆمپانیاکان بگاتە رێککەوتن بۆ کڕینی ڤاکسین، سەرۆکی لیژنەی کڕینی ڤاکسین لە وەزارەتی تەندروستی، گوتی: "پرۆسەی کڕینی ڤاکسین ئەستەمە، کۆمپانیاکان زیاتر مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتان دەکەن نەک هەرێم، جگە لەوەش کاتێک ڤاکسین دەکڕین، دەبێ وردەکاری زۆری لەبارەوە بزانین و پەسندکراوبێت لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانی، بەڵام لێرەوە موژدە بە هاووڵاتییان دەدەم رەنگە لە داهاتووێکی نزیکدا لەگەڵ یەکێک لە کۆمپانیا ناسراوەکانی جیهان بگەینە رێککەوتن بۆ کڕینی ڤاکسین، بۆ ئەوەی جگە لەو بڕەی لە بەغداوە بۆمان دێت بتوانین خۆشمان بڕێکی دیکەی ڤاکسین بکڕین".

راشیگەیاند: "ئێستا 135 بنکەی وەرگرتنی ڤاکسین لە هەرێمی کوردستان هەن، پلانیشمان هەیە بنکەکان زیاتر بکەینەوە، بەتایبەتی لەکاتی گەیشتنی 4 ملیۆن ژەمە ڤاکسین کە بڕیارە تا کۆتایی ساڵ بگات".

د. ئارام، ئاشکراشی کرد: "جگە لەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە، بە گشتی ئێستا زیاتر لە 700 هەزار کەس بەشێوەی ئۆنلاین ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین لە هەرێمی کوردستان تۆمار کردووە، پلانی لەپێشینەمان ئەوەیە هەموو مامۆستاکان بکوترێن، بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن پەکی نەکەوێت".

لەبارەی جیاوازی لەنێوان جۆری ڤاکسینەکانم ئەوەی خستەڕوو: "بۆچوونێک هەیە لەناو خەڵک کە ڤاکسینی جۆری فایزەر باشترە، بەڵام بەگوێرەی توێژینەوەکان ڤاکسینی ئەسترازینکا کاریگەرییەکانی دوور مەوداترە و باشترە، ئەمەی هەیە هەڵەتێگەیشتنی خەڵکە".