توركیا: له ئه‌فغانستان ده‌كشێینه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌ره‌ڕای داواكاری ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، بۆ مانه‌وه‌یان له فڕۆكه‌خانه‌ی كابول و دوای ره‌تكردنه‌وه‌ی داواكه‌یان له لایه‌ن تاڵیبانه‌وه، ئه‌مڕۆ سوپای توركیا ده‌ستی به كشانه‌وه كرد.
وه‌زاره‌تی به‌رگری توركیا، له راگه‌یه‌ندراوێكدا، رایگه‌یاند، ئێمه ئه‌ركمان له ئه‌فغانستان ته‌واو بووه و ده‌ستمان به كشانه‌وه كردووه.
ئه‌م بڕیاره دوای ئه‌وه هات، سه‌رۆكی توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان پێش كۆنترۆڵكردنی كابول له لایه‌ن تاڵیبانه‌وه له هه‌وڵی رازیكردنی ئه‌مه‌ریكا و ناتۆ و حكومه‌تی كابول بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئاسایشی فڕۆكه‌خانه‌ی كابول بگرێته ئه‌ستۆ.
دوای كۆنترۆڵكردنی كابول له لایه‌ن تاڵیبانه‌وه، ئه‌نقه‌ره هه‌مان داوای له تاڵیبان كرد، هاوكات سه‌رۆكی توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان پێشنیازی كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌میری ئیماره‌تی ئیسلامی ئه‌فغانستان، هیبه‌توڵڵا ئاخوندزاده كۆببێته‌وه، به‌ڵام بزووتنه‌وه‌كه ره‌تیكرده‌وه رێگه به مانه‌وه‌ی سوپای توركیا له سه‌ر خاكی ئه‌فغانستان بدات.
بڕیاره سه‌رجه‌م بیانییه‌كان له خاكی ئه‌فغانستاندا تا كۆتایی ئه‌م مانگه بچنه ده‌ره‌وه و تاڵیبان له باره‌ی دواكه‌وتنی مانه‌وه‌یان له‌سه‌ر خاكی وڵاته‌كه‌یان هۆشداری داوه‌ته بیانییه‌كان.