لە 17 وەزیرەكەی ئیبراھیم رەئیسی دوو كەسیان كوردن

بڕیارە رۆژی پێنجشەممە یەكەم كۆبوونەوەی كابینەی نوێی ئیبراھیم رەئیسی بەڕێوەبچێت
ئیبراهیم ره‌ئیسی / سه‌رۆك كۆماری ئێران
ئیبراهیم ره‌ئیسی / سه‌رۆك كۆماری ئێران

K24 – هەولێر:

بۆ وەرگرتنی متمانە بۆ وەزیرە پێشنیاركراوەكانی، كارێكی قورس لەبەردەمی ئیبراهیم ره‌ئیسیدا نەبوو، زۆرینەی پەرلەمانتاران لەخۆی نزیكن، ھەربۆیە لەكۆی وەزیرە پێشنیاركراوەكانی تەنیا وەزیری پەروەردە متمانەی لە پەرلەمان وەرنەگرت و 16 كاندیدەكەی دیكە، بە دەنگی پەرلەمانتاران بوونە وەزیر، رەئیسی رایگەیاند، لەمەودوا كابینەی حكومەت و پەرلەمان وەكوو یەك كار دەكەن.

ئیبراھیم رەئیسی سەرۆككۆماری ئێران، رایگه‌یاند، ئیتر خەڵك تاقەتی ئەوەی نەماوە كە پەرلەمان و كابینەی حكومەت ناكۆكیان ھەبێ، خەڵك لە ده‌مەقاڵیەكانی نێوان پەرلەمانتارو وەزیرەكان بێزاربوونە و نایانەوێ ئەو ناكۆكیانە ھەبن، كەواتا لێرەوە رایدەگەیەنم، لەمەودوا پەرلەمان و حكومەت ھاوئاڕاستە و وەكوو یەك كار دەكەن.

لە 17 وەزیرەكەی ئیبراھیم رەئیسی، دوو كەسیان كوردن و متمانەشیان لە پەرلەمان وەرگرت، حوجەتوڵا عەبدوڵمەلەكی، خەڵكی شاری قوڕوەی پارێزگای سنە وەكو وەزیری كارو خۆشبژێوی كۆمەڵایەتی و عیسا زارعپوور وەكو كەمتەمەنترین وەزیری كابینەكە وەك وەزیری پەیوەندییەكان، دیاریكرا، ئەویش خەڵكی پارێزگای كرماشانە. 

رەئیسی جارێكیتر باسی لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی كردو، بۆ جێبەجێكردنی پلانەكەشی حوسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەكو وەزیری دەرەوەی ئێران، دیاریكرا، كە خۆی شارەزایی كاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت عێراقە.

ئیبراھیم رەئیسی سەرۆككۆماری ئێران، راشیگه‌یاند، ئێمە بە جیدیی كار بۆ زیندووكردنەوەی رێكەوتنی ئەتۆمی و لابردنی گەمارۆكان دەكەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش پێشكەوتنی وڵات نابەستینەوە بە لابردنی گەمارۆكان، ئەولەویەتی ئێمە پەیوەندییەكی دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیە و گرنگی بە دیپلۆماسی ئابووری دەدەین.

بڕیارە رۆژی پێنجشەممە یەكەم كۆبوونەوەی كابینەی نوێی ئیبراھیم رەئیسی بەڕێوەبچێت، پێشوەختەش خۆیان دەڵێن لەناوخۆی ئێران ئەولەویەتیان رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنایە و لەسیاسەتی دەرەوەش بەگرنگیدان بە وڵاتانی دراوسێ، دیپلۆماسیی ئابووری پێڕەو دەكەن و بەھەموو مەرجەكانی ئەمه‌ریكا لە گفتوگۆكانی ڤیەننا، رازی نابن. 

ك.ب