ئاوارەکان دەگەڕێنەوە ناو کەمپەکانی هەرێمی کوردستان

ئێستا 925 ھەزار و 532 ئاوارە و پەنابەر لە ھەرێمی کوردستانن
کەمپی بەحرکە لە سنووری پارێزگای هەولێر
کەمپی بەحرکە لە سنووری پارێزگای هەولێر

K24 - هەولێر

گەڕانەوەی دووبارەی ئاوارەکان، بۆ ناو کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە رۆژانەش ژمارەیان لە زیادبوونە. ئەم کۆچە پێچەوانەیه‌ لە کاتێکدایە، کە حکومەتی عێراق بڕیاری داوە دەرگای کەمپەکان دابخات و ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، بەبێ، ھیچ ئامادەکارییەکیان بۆ گەڕانەوەیان.

یاسر رەمەزان، کەمتر لە ھەفتەیەکە دووبارە گەڕاوەتەوە کەمپ، کاتێک چیڕۆکی ئاوارەبوونی دەگێڕێتەوە دەردەکەوێت، جگە لەوەی ساڵی 2014  بەھۆی داعشەوە ئاوارەبووە، چەندین جاری تریش بەھۆی میلیشیاکانەوە ئاوارە بووە .

ئەو خاوەنی پێنج منداڵە و لە کەمپی بەحرکە نیشتەجێییە، ئیتر دڵنیا بووە لەوەی ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی، بۆیە بە تەواوی خێوەتگەکەی  کردووە، بە خانووێکی بچووک، کاتێک بڕیار دەدات بگەڕێتەوە زێدی خۆی بەهۆی بێ ئاوی و نەبوونی کارەبا و دەرفەتی کار و مەترسی میلیشیاکان، کە وەک خۆی دەڵێت "ھەموو رۆژێ دێنە سەرمان و نایەڵن ھەناسەیەکی ئاسوودە ھەڵمژین"، دووبارە گەڕاوەتەوە کەمپی بەحرکە.

یاسر بە کوردستان24ی گوت: "جارێکی دیکە ناچاربووین لەگەڵ خێزانەکەم بگەڕێینەوە ناو کەمپی بەحرکە، ئەوە سێیەم جارمە ئاوارە دەبم، جارێک لەدەستی داعش و دوو جاریش لە دەستی گرووپە میلیشیاکان، کاتێک گەڕامەوە زێدی خۆم ویستمان شارەکەمان ئاوەدان بکەینەوە، بەڵام نە ئاو هەیە نە کارەبا و نە کار. هیچ پارەیەکیشمان پێنادەن تا خانووە رووخاوەکانمان پێ چاکبکەینەوە، لە سەرووی هەمووشیانەوە، میلیشیاکان لێ باگەڕێن بە ئاسوودەی بژین".

بەگوێرەی ئەو ئامارەی دەست کوردستان24 کەوتووە، تا ئێستا 80 خێزان دووبارە گەڕاونەتەوە ناو کەمپی بەحرکە، ئەمە جگە لەوەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناو کەمپەکانی سنووری ھەرێمی کوردستان بەردەوامە، رۆژانە بە دەیان خێزان لە پارێزگاکانی مووسڵ و سەلاحەدینەوە روو لە کەمپەکان دەکەن.

ئەحمەد دەروێش، جێگری بەڕێوەبەری کەمپی بەحرکە بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئێستا جارێکی دیکە خەڵک لە شارەکانی عێراق دەگەڕێنەوە ناو کەمپیەکانی هەرێمی کوردستان، وەک ئاوارەکان باس دەکەن گەڕانەوەیان بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، کە بریتین لە دۆخی ئابوور، ئەمنی، بێ خزمەتگوزاری".

گوتیشی: "بەگوێرەی ئەو راپرسیەی لەناو کەمپەکان کردومانە، 40٪ی ئاوارەکان ئامادەن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بەڵام بە مەرجێک حکومەتی عێراق خانوویان بۆ دروست بکات، بەڵام 60٪یان لەبەر بارودۆخی ئەمنی دەڵێن ناگەڕێینەوە".

بە زۆرناردنەوەی ئاوارەکان بڕیارێکی حکومەتی عێراقە، تا ئێستا حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند نەبووە، کەس ناچار بە گەڕانەوە بکات، بەڵکو بە ئارەزوومەندایە. ئێستا 925 ھەزار و 532 کەس لە ئاوارە و پەنابەر لە ھەرێمی کوردستانن. کە 664 ھەزار و 561 کەسیان ئاوارەی عێراقین، لە 30٪ لە ناو 36 کەمپ نیشتەجێ کراون و 70٪ی دیکەش لە دەرەوەی کەمپەکاندا نیشتەجێن.