پاڵەوانێتی کیک بۆکسێنی عەرەبی لە دهۆک بەڕێوە دەچێت

کوردستان24 سپۆنسەری میدیایی پاڵەوانێتییەکە دەکات
پاڵەوانێتی کیک بۆکسێن لە دهۆک
پاڵەوانێتی کیک بۆکسێن لە دهۆک

بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان 24، پاڵەوانێتی کیک بۆکسێنی عەرەبی لە دهۆک بۆ ماوەی چوار رۆژ بە بەشداریی 11 هەڵبژاردە و 24 یانەی وڵاتانی بەڕێوە دەچێت.

بۆیەکەمجار پاڵەوانێتی کیک بۆکسێنی عەرەبی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت، کە دوازدەمین وەشانی پاڵەوانێتییەکەیە و پێشتر ساڵی 2002 عێراق میوانداریی دووەمین وەشانی پاڵەوانێتییەکەی کردبوو، بەڵام لەدوای بەفەرمی ناساندنی یاریی کیک بۆکسێن لەلایەن لێژنەی ئۆڵممپی جیهانی یەکەمجارە ئەم پاڵەوانێتییە لە عێراق بەڕێوە بچێت.

قاسم ئەلواستی، سەرۆکی فیدراسیۆنی کیک بۆکسێنی عێراقی لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 لەبارەی پاڵەوانێتییەکە رایگەیاند 'سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کارئاسانی زۆریان بۆ کردووین بۆ ئامادەکاریی پاڵەوانێتییەکە، لە رووی کارگێڕی و وەرگرتنی ڤیزاوە هاوکاریی تەواومان کراوە و دڵخۆشین بەوەی یەکەمجارە پاڵەوانێتییەکە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت'.

پاڵەوانێتی کیک بۆکسێنی عەرەبی بە بەشداریی 11 هەڵبژاردە و 24 یانەی وڵاتانی عەرەبی دەکرێت کە وڵاتانی میسر، جەزائیر، توونس، ئوردن، مۆریتانیا، سوودان، سعوودیە، فەلەستین و عێراق بەشداریی پاڵەوانێتییەکە دەکەن و سێ یانە لە هەرێمی کوردستان بەشداریی پاڵەوانێتییەکە دەکەن.