باندێکی قاچاخچێتی لە هەرێمی کوردستان خەڵک بە فێڵ دەبەنە تورکیا

K24 – زاخۆ:
باندێکی قاچاخچێتی لە قەزای زاخۆ دەستگیرکران، کە بە فێڵ خەڵکیان بردووەتە گوندەکانی سەر سنوور و پێیان گوتون ئێرە تورکیایە، دواتر هەڕەشەیان لێکردوون بە کەسوکاریان بڵێن کە گەیشتوون، بۆ ئەوەی پارەکەیان رادەست بکەن.
عەلی عوسمان، ئەفسەری لێکۆڵینەوە لە ئاسایشی زاخۆ بە کوردستان24ی گوت: "دوای ئەوەی ئاگادار کراینەوە لە بوونی باندێکی قاچاخچێتی و فێڵکردن لە خەڵک، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەمان دەستپێکرد، توانیمان ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەو گرووپە دەستگیر بکەین".
روونیکردەوە: "ئەو باندە 20 کەسیان لە هەولێرەوە هێناوەتە گوندەکانی زاخۆ لەسەر سنووری تورکیا، لەوێ هەڕەشەیان لێکردون دەبێ ڤیدیۆ تۆمار بکەن و بۆ کەسوکارتان بنێرن بڵێن "ئێمە گەیشتوینەتە تورکیا"، بۆ ئەوەی ئەو پارەی لەسەری رێککەوتون رادەستی قاچاخچییەکانی بکەن".
ئەو ئەفسەرەی ئاسایشی زاخۆ، گوتیشی: "زۆربەی ئەندامانی ئەو باندە دەستگیر کراون و ناسنامەی ئەوانی دیکەش ئاشکرا کراوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا هەموویان دەستگیر دەکەین و رادەستی دادگایان دەکەین".
ئاماژەی بەوشکرد: "ئەو کەسانەی لەلایەن باندەکە هەڵخەڵەتێنراون، ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستانن و لە هەولێر نیشتەجێن، لەگەڵیان رێککەوتون کە بیانگەیەننە تورکیا، بەڵام فێڵیان لێکردوون، لە هەر کەسێک 1500 دۆلاریان وەرگرتووە، قاچاخچییەکان خەڵکی سنووری پارێزگای دهۆکن".
راشیگەیاند: "هاوکات 11 خاوەن نووسینگەی گەشتیاریمان دەستبەسهر کردوون، پشکنینی کۆرۆنایان بە ساختە بۆ ئەو کەسانە کردووە کە دەیانەوێت بچنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان".