بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە مامۆستایانی دانەمەزراو دڵخۆش دەکات

ده‌رفه‌ت بۆ ده‌رچووانی زانكۆ كراوه‌ده‌بێت

K24 - هه‌ولێر:

بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە، پێویستە (80%)ی مامۆستایانی قوتابخانە ناحکومییەکان، ئەو مامۆستایانە بن، کە دانەمەزراون، ئەمەش وەک هەلێك بۆ دەرچووانی زانکۆکان، کە لە کەرتی حکومیدا دەرفەتی دامەزراندیان نییە، دەرچوویەکی زانکۆ کە ئێستا مامۆستایە لە قوتابخانەیەکی ناحکومی بە گرنگییەوە دەڕوانێتە ئەو بڕیارە و دەڵێت ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی مامۆستایانی دانەمەزراو هەلی پەروەردە و فێرکردنی قوتابیانیان بۆ بڕەخسێت.

مامۆستا ئاژیان حەکیم،بە پەرۆشییەوە رۆژانە دەچێتە نێو پۆل زانست و پەروەردە فێری قوتابییەکان دەکات، دەرچووی بەشی زمانی ئینگلیزی زانکۆی سەڵاحەددینە، دوو ساڵە لە قوتابخانەیەکی ناحکومی وانە دەڵێتەوە، ئەو بە گرنگییەوە باس لە بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە دەکات، کە دەبێت (80%)ی مامۆستایانی قوتابخانە ناحکومییەکان، ئەو مامۆستایانە بن، کە دانەمەزراون.

بەپێی ئامارەکانی بەردەست، یەکێتی مامۆستایان، 7 تا 9 هەزار مامۆستا هەیە، کە لە کەرتی حکومیدا دانەمەزران، یەکێتی مامۆستایان پلانیان داناوە، ئەوانیش بخەنە سەر یەکێتی مامۆستایان بۆ ئەوەی لەکاتی کێشە نێوان مامۆستا و قوتابخانە ناحکومییەکان، ببنە پارێزەی مافەکانی مامۆستایان.

ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان گوتی: "ئه‌م بڕیاره‌ بۆ مامۆستایانی دانه‌مه‌زراو گرنگه‌، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ده‌رچووانی زانكۆ چیدیكه‌ چاوه‌ڕوانی كه‌رتی حكومه‌تی نابن و له‌ كه‌رتی تایبه‌ت ده‌رفه‌تی زیاتریان ده‌بێت".

ئەم بڕیارە لەمساڵەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش دوای ئەوە هات، کە ساڵانی رابردوو، ژمارەیەکی زۆر مامۆستای حکومی لە قوتابخانە ناحکومییەکانیش وانەیان دەگوتەوە، ئەمەش دەبووە هۆی ئەوەی دەرفەت بۆ دەرچووانی زانکۆ نەمێنێت.

د.ی