پلانی ستراتیژی ئاو لە هەرێمی کوردستان جێبه‌جێ ده‌كرێت

"80%ی کێشەکان چارەسەرکراون"
پڕۆژه‌یه‌كی ئاو
پڕۆژه‌یه‌كی ئاو

K24- هه‌ولێر:

ئەنجومەنی وەزیران دوو ھەفتە لەمەوبەر وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری راسپارد بە مەبەستی داڕشتن و دانانی بەرنامەیەک بۆ ستراتیژی رووبەڕووبونەوەی کەمی ئاو و بەردەوامیدان بە ئەنجامدانی کۆبوونەوە بەشێوەیەکی خولی، ئێستا وەزارەتەکە سەرقاڵی دانانی پلانی ستراتیژی نیشیمانی درێژخایەنی ئاوە، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمیش دەڵێت بەشێکی زۆری کێشەکان چارەسەرکراون و کار لەسەر پڕۆژە ستراتیژیەکان دەکرێت.

بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کەمی ئاوی خواردنەوە، لە دوو ھەفتەی رابردوودا ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و تێیدا چەند بڕیارێک دران، ئێستا کارکردن لەسەر ئەو بڕیارانە بەردەوامە و لە بەشێک لە پارێزگا و شار و شارۆچکەکان کێشەکە بەشێوەیەکی سەرەتایی چارەسەرکراوە.

یەکێک لە بڕیارەکان بریتییە لە راسپاردنی  وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی داڕشتن و دانانی بەرنامەیەک بۆ ستراتیژی رووبەڕووبونەوەی کەمی ئاو و بەردەوامیدان بە ئەنجامدانی کۆبوونەوە بەشێوەیەکی خولی و مانگێ جارێک بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەی ئاو، ئاری ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێم ئاشکرای دەکات، کە لە 80%ی کێشەکان چارەسەرکراون و لیژنەیەکیش پێکھاتووە  کار لەسەر پڕۆژە ستراتیجییەکان دەکات.

بڕیار درا وەزارەتی کارەبا پابەند بکرێت بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ بیرەکانی ئاوی خواردنەوە، ھاوکات سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت بە سەربازی و شارستانییەوە پابەند کراون بە ئامادەکردن و دابینکردنی ئالیات و تانکەر و ھەماھەنگی کردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ گەیاندن و گواستنەوەی ئاو بە ئاسانی بۆ ئەو گەڕەکانەی کێشەی کەمئاویان ھەیە.

ئەنجومەنی وەزیران فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەشی راسپاردووە، کە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بکەن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن لەگەڵ ھەریەکە لە تورکیا و ئێران لەسەر شێلوبوون و گرتنەوەی ئاو، لیژنەیەکی ئەنجومەنی وەزیرانیش کار لەسەر ئەو پڕۆژانە دەکات کە ئاو گڵ دەداتەوە بەتایبەت بەنداوەکان.

مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری ھەولێر گوتی: "شاری هه‌ولێر له‌ رووی دابینكردنی ئاوه‌وه‌ سه‌قامگیری به‌خۆوه‌ بینیوه‌ و زۆربه‌ی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر كراون، ژماره‌یه‌ك بیری ئاوی لێده‌درێن، به‌ڵام پلانی ستراتیژیشمان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی كێشه‌ی كه‌می ئاو ببینه‌وه‌".

لەبارەی یاسای ئاویش وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان ھەماھەنگی دەکات لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان بۆ دەرچوواندنی یاسای پاراستنی ئاو، لەلایەکی دیکەوە حکومەت مانگانە  ملیارێک و 250 ملیۆن دیناری بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ مانگەکانی 8 و 9 و 10 تەرخان دەکات، لەگەڵ پێدانی دەسەڵاتی خەرجکردن بە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لەژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ئەوەی پڕۆژە و کەموکورتییەکانی پێ چارەسەر بکرێت.

د.ی