داعشی خوراسانی چالاکتر دەبێت

لە 8 مانگ 77 هێرشیان کردووە
ژمارەیەک چەکداری داعش - ئەرشیف
ژمارەیەک چەکداری داعش - ئەرشیف

K24 – هەولێر

چالاکییەکانی داعشی خوراسانی، بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاتر دەبێت و بوونەتە هەڕەشە بۆ چەند وڵاتێکی ناوەڕاستی ئاسیا.

داعشی خوراسانی، لە ساڵی 2015 دامەزراوە و شوێنی چالاکییەکان ناوەڕاستی ئاسیا دەگرێتەوە کە بریتین لە وڵاتانی ئەفغانستان، پاکستان، ئێران، تاجیکستان، ئۆزبەکستان، قیرغیزستان، تورکمانستان.

کردەوەکانی داعشی خوراسان، هەمان کردەوە توندڕەوییەکانی رێکخراوی داعشە، بەڵام شوێنی چالاکییەکانیان چەند وڵاتێک دەگرێتەوە کە پێی دەڵێن خوراسان.

بەگوێرەی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی چەکدارانی داعشی خوراسان دوو هەزار چەکدار دەبێت.

پێکهاتەی داعشی خوراسان بریتییە لە تۆڕی حەقانی، عەسکەر ئیسلام، تاڵیبان پاکستان، کۆمەڵی دەعوە، گرووپە توندڕەوەکان. ئەو گرووپانەی داعشی خوراسان، کە لە هەناوی بزووتنەوەی تاڵیبان هاتوونەتە دەر، بەڵام ئێستا تاڵیبان بە لادەر لە رێبازی ئیسلام دادەنێن.

شەهاب موهاجیر، ئەمیری داعشی خوراسانە. پێشتریش ژمارەیەک ئەمیر و سەرکردەکانی ئەو رێکخراوە لەلایەن ئەمەریکا کوژراون وەک حافز سەعید خان، عەبدولحەسین، ئەبو سەید.

لە ساڵی 2020 داعشی خوراسان 21 هێرشی ئەنجامداوە، هەروەها لەماوەی هەشت مانگی ساڵی 2021 داعشی خوراسان 77 هێرشیان کردووەتە سەر ئەو وڵاتانەی کە ئەوان پێی دەڵێن خوراسان.