هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا خاوەن پێگەیەکی گەورەیە

"هاتنی سەرۆکێکی دیکەی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان، دووپاتکردنەوەی گرنگی پێگەی هەولێرە لە ناوچەکە"
قه‌ڵای هه‌ولێر بۆ پێشوازیكردن له‌ ماكرۆن رازێنراوه‌ته‌وه‌
قه‌ڵای هه‌ولێر بۆ پێشوازیكردن له‌ ماكرۆن رازێنراوه‌ته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگه‌یاند، هاتنی ماکرۆن بۆ هەولێر وەڵامێکە بۆ ئەوانەی پێیانوابوو هەرێمی کوردستان و عێراق، دوایی کشانەوەی ئەمه‌ریکا دەبێتە ئەفغانستانێکی دیکە. هەروەها ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی ئاشكرای كرد، هاتنی سەرۆکێکی دیکەی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان، دووپاتکردنەوەی گرنگی پێگەی هەولێرە لە ناوچەکە.

هەولێر وێستگەی داهاتووی سەردانەکەی سەرۆك کۆماری فەرەنسایە، فەرەنسا دۆستە دێرین و بە وەفاکەی گەلی کوردستانه‌، "ئیمانوێل ماکرۆن" دەیەوێ لە نزیکەوە هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتییە سیاسییەکەی ببینێت، بە رای عەلی حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمە جارێکی دیکە دووپاتکردنەوەی پێگەی گرنگی هەرێمی کوردستانە لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەدا.

هاتنی سەرۆکی فەرەنسا، دوای بەشداریکردنی دێت لە کۆبوونەوەی لوتكه‌یی هه‌رێمایه‌تی به‌غدا، کە تایبه‌ته‌ به‌ تاوتوێكردنی ره‌وشی هه‌رێمایه‌تی ناوچه‌كه‌ و ئاماده‌كاری بۆ به‌رگرتن له‌ هه‌ر پێشهاتێكی مه‌ترسیدار، "سەعدی پیرە" ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان روونیكرده‌وه‌، هاتنی ماکرۆن بۆ هەولێر وەڵامێکە بۆ ئەوانەی پێانوایە هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێتە ئەفغانستانێکی دیکە.

هەرێمی کوردستان پێگەیەکی تایبەتی هەیە بەلای فەرەنساوە، هەر بۆیە بەر لە "ماکرۆن"، سه‌رۆكی پێشووی فه‌ره‌نسا، "فرانسۆ ئۆلاند"، لە گەرمەی شەڕی داعشدا، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی کرد، به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك بارزانی، له‌ سنووری پارێزگای نه‌ینه‌وا سه‌ردانی به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی كرد.

د.ی