چەند پڕۆژەیەکی دیکەی خزمەتگوزاری لە هەولێر جێبەجێ دەکرێن

"15%ی ئەو بودجەیەی بۆ شارەوانییەکان دەگەڕێتەوە، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی پێ ئەنجام دەدرێت"

K24 - هه‌ولێر:

لە سەر بودجەی پارێزگای ھەولێر و بە گوژمەی زیاتر لە ملیارێك دینار چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە ناو ھەولێر جێبەجێ ده‌کرێن، کە بریتین له‌ دروستکردنى شەقام و دانانى تۆڕەکانى ئاوەڕۆ و نۆژەنکردنەوەى چەند شەقامێك و قیرتاوکردنى ئەو شەقامانەى رێك و ئاماده‌كراون، جێگری پارێزگاری ھەولێر ئاشکرای كرد، کە پڕۆژەکانی پارێزگای ھەولێر بەردەوام دەبێت و جگە لە ناو سەنتەری شار، لە قەزا و ناحییەکانیش دەست بە پڕۆژەکان کراوە.

پارێزگاری ھەولێر لەگەڵ دوکاندارانی ناوچەی پیشەسازی باکوور گفتوگۆی کێشە و گرفتەکانیان دەکات، جگە لە نۆژەنکردنەوەی شەقامەکانیان بەڵێنیدا بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی دیكه‌شیان بکات، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی پارێزگای ھەولێر لە بواری قیرتاوکردنی شەقامەکان و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکانی ناو پیشەسازی باکوور و گەیاندنی تۆڕی ئاوەڕۆ بۆ چەند گەڕەکێک بەردەوامە، لە سەر بودجەی پارێزگای ھەولێر ئەو پڕۆژانە جێبەجێ دەکرێت، کە بۆ ھاوڵاتیان گرنگن.

مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری ھەولێر گوتی: "قیڕتاوكردنی دوو گه‌ڕه‌ك كه‌ ساڵانێك پڕۆژه‌كه‌ وه‌ستاوه‌، له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگای هه‌ولێر جێبه‌جێكرا، سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر كاره‌كانی ته‌واوكرد".

بەشێك لە پڕۆژەکانی پارێزگای ھەولێر لەسەر بودجەی شارەوانییەکان جێبەجێ دەکرێت، بەتایبەت ئەو داھاتەی بۆ شارەوانییەکان دەگەڕێتەوە، عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی ھەولێر ئاشكرایكرد، 15%ی ئەو بودجەیەی بۆ شارەوانییەکان دەگەڕێتەوە، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی پێ ئەنجام دەدرێت.

لەسەر بودجەی پارێزگای ھەولێر دەست کرا بە دانانی بەردی بناغەی قیڕتاوکردنی چەند شەقامێك لە "ھەشت ھەزاری گەڕەکی فەرمانبەران" بە گوژمەی 366 ملیۆن دینار.

ھەروەھا دانانی بەردی بناغەی قیرتاوکردنی چەند شەقامێکی سەرەکی و ناوخۆیی گەڕەکی ھەولێری نوێ و چاککردنەوەی شەقامە تێکچووەکانی پیشەسازی باکوور بە گوژمەی 579 ملیون دینار، ئەمە جگە لە دانانی تۆڕی ئاو بۆ ھەردوو گەڕەك بە گوژمەی 68 ملیۆن دینار.

د.ی