پەیوەندی ئابووریی کوردستان و فەڕەنسا گه‌شه‌ی كردووه‌

"زیاتر لە 35 کۆمپانیای فەڕەنسی لە عێراق کاردەکەن و زۆربەیان کەوتوونەتە هەرێمی کوردستان"
ئاڵای كوردستان و ئاڵای فه‌ره‌نسا
ئاڵای كوردستان و ئاڵای فه‌ره‌نسا

K24 - هه‌ولێر:

هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا پەیوەندییەکی لەمێژینە و قووڵیان بە یەکەوە هەیە، لە چەندین قۆناغی جیاوازدا فەڕەنسا پارێزگاری لە پێگەی کوردستان کردووە، لە دروستکردنی هەرێمی دژەفڕین لە 1991 تاوەکو شەڕی داعش لە 2014، پاریس بە چەندین بڕیار پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان کردووە پاڵپشتی هەولێر بووە.

لەبارەی پەیوەندی ئابووری نێوان فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی و عێراق بە گشتی "محەمەد فەیزی"، بەرپرسی بەشی ئابووری لە کونسوڵخانەی فەڕەنسا بۆ کوردستان24 ئاشكرای کرد، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان فەڕەنسا و عێراق لە ساڵی 2017 نزیکەی 250 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام لە ساڵانی 2018 و 2019 ئەو بڕە بە رێژەی 70% بۆ 800 ملیۆن دۆلار بۆ هه‌ر ساڵێك زیادیکردووە، بەڵام لە ساڵی 2020 بەهۆی لێکەوتە نەرێنییەکانی کۆرۆنا، کە زیانی بۆ سەرتاسەری وڵاتان لە جیهان هەبوو، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی 50% دابەزی بۆ 400 ملیۆن دۆلار.

بەرپرسی بەشی ئابووری لە کونسوڵخانەی فەڕەنسا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد، زیاتر لە 35 کۆمپانیای فەڕەنسی لە عێراق کاردەکەن و زۆربەیان کەوتوونەتە هەرێمی کوردستان، لە دیارترینیان "رینۆڵت" لە بواری ئۆتۆمبێل، "لاکۆست" بۆ جلوبەرگ، "دانۆن" بۆ بەرهەمە سپیاییەکان، "کارفۆر" و چەندین کۆمپانیای دیکەی تایبەت بە جوانکاری و بابەتی دیکە. هەروەها کۆمپانیای لافارجیش خاوەنی دوو کارگەیە، کارگەیەکی چیمەنتۆ لە سلێمانی و کارگەیەکی کۆنکرێت لە هەولێر. کە دەرفەتی کاری بۆ سەدان کەس رەخساندووە و 90%ـی ئەوانەی کاردەکەن کارمەندی خۆماڵین.

ئەو بەرپرسەی کونسوڵخانەی فه‌ره‌نسا ئاماژەی بەوەشدا، سەرمایەی وەبەرهێنانی وڵاتەکەی لە عێراق بە 3 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت و بەشێکی ئەو سەرمایەشی لە هەرێمی کوردستان بەگەڕخستووە.

لە رێبەری وەبەرهێنانیش، کە دەستەی وەبەرهێنان بڵاویکردووەتەوە، دەرفەتی وەبەهێنان لە بواری گەشتوگوزار و شوێنەواری خراوەتەڕوو، کە 3 مۆزەخانەی گەورەی شوێنەواری بە براندی جیهانی وەك لۆڤەر لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك دروست بکرێن.

هەروەها کۆمپانیای "تۆتاڵ"، کە یەکێکە لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری نەوت لەسەر ئاستی جیهاندا، لە عێراق و هەرێمی کوردستان رەزامەندی کارکردنی وەرگرتووە، لە هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2012 لە بلۆکەکانی سەفین و به‌رانان بە دوای نەوتدا گەڕاوە، هەروەها لە ساڵی 2013 لە بلۆکەکانی هەریر و تازە بە دوای نەوتدا گەڕاوە.

کۆمپانیای پێرێنکۆش وەک یەکەم کۆمپانیای فەڕەنسی لە بواری نەوت و گاز لەساڵانی 2007 تاوەکو 2013 لە مۆڵەتی بە دواداگەڕانی له‌ سندی – ئامێدی کاری کردووە.

جگە لەو دوو کۆمپانیایە چەندین کۆمپانیای دیکەی فەڕەنسی لە بواری خزمەتگوزاری کەرتی نەوت و گازدا کاردەکەن، لە دیارترینیان کۆمپانیای "شلەمبەرجەر" کە ساڵی 1926 لە فەرەنسا دامەزراوە، نووسینگە سەرەکییەکانی کەوتوونەتە، پاریس لە فەڕەنسا، هیوستن لە تێکساسی ئەمه‌ریکا، لەندەن و  لاهای، به‌ڵام ئێستا زۆربه‌ی پشكه‌كانی له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه‌ كڕاونه‌ته‌وه‌ و خاوه‌نداری ده‌كرێت.

لە عێراقیشدا کۆمپانیای "تۆتاڵ" خاوەنداری 22.5%ـی پشکی کێڵگەی حەلفایە لە پارێزگای میسان. هاوکات لە مانگی تەمموزی ئەمساڵیش ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق گرێبەستی نێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای تۆتاڵی پەسەندکرد بۆ ئەوەی کار لە چوار پڕۆژەی گەورە لە وڵاتەکە بکات، کە بریتین لە وێستگەی کۆکردنەوە و پاڵاوتنی گازی هاوتای نەوت لە کێڵگەی ئەرتاوی و رۆژئاوای قورنە 2 و مەجنوون و توبا و لوحەیس، کە کۆمەڵگەیەکی گازی ناوەندی لەخۆدەگرێت. هەروەها پەرەپێدانی کێلگەی ئەرتاوی، پڕۆژەیەکی دەریایی گشتگیره‌ کە وەزارەتی  تایبه‌تمه‌ند زیاتر لە 10 ساڵە هەوڵی جێبەجێکردنی دەدات، لەگەڵ وێستگەیەکی وزەی خۆر بە توانای 1000 مێگاوات. وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای تۆتاڵ لە مانگی ئادار بەفەرمی لەسەر ئەو پڕۆژانە رێککەوتن و سەرمایەی وەبەرهێنانەکەی نزیکەی 7 ملیار دۆلارە.

فەڕەنسا خاوه‌نی سێیەم گەورەترین ئابوورییە لە ئەوروپا لە دوای ئەڵمانیا و بەریتانیا، لەسەر ئاستی جیهانیشدا لە پلەبەندی حەوتەم دایە. کۆی بەرهەمی ناوخۆی وڵاتەکە 2.71 ترلیۆن دۆلارە و پشکی تاك لە کۆی بەرهەمی ناوخۆ 42.877 هەزار دۆلارە.

 

د.ی