ماکرۆن لە هەولێر و بەغدا

Kurd24

فەرەنسا تاکە وڵاتی رۆژئاواییە لەسەر ئاستی سەرۆکی وڵات، بەشداری کۆنگرەی هاوکاری و هاوبەشی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بەغدای کرد، هەروەها تاکە سەرۆکی نێو بەشداربووانی کۆنگرەکەش بوو، سەردانی هەولێری کرد.

هاتنی ماکرۆن لەم کاتەدا بۆ عێراق بەگشتی و هەولێریش بەتایبەتی،  مەغزای سیاسی هەیە، چونکە کشانەوەی ئەمه‌ریکا لە ئەفغانستان دوودڵی و نیگەرانییەکی زۆری لە نێو شەقامی عێراقی و کوردستانیشدا دروست کردووە، بەجۆرێک کاری کردۆتە سەر بازاڕی هاووڵاتیانیش، لەبەرئەوەی لە کۆتایی ئەمساڵدا، هێزە شەڕکەرەکەی لە عێراق دەکێشێتەوە، هەرچەندە بارودۆخی هەردوو وڵات لە زۆر روو لێکجیاوازن، بەڵام  خاڵی هاوبەشیشیان هەیە بە تایبەتی گەندەڵی.

بوونی ماکرۆن بەم شێوەی ئێستا لە بەغدا و هەولێر، پەیامێکە بۆ هەمووان، ناوەڕۆکەکەی ئەوەیە کە بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش لە عێراق، ئەوان پشتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرنادەن لە هیچ بارودۆخێکدا، ئەگەر بچینەوە ناو رابردووش لە تەمەنی سی ساڵی ئەم ئەزموونەی هەرێم، هەمیشە فەرەنسا لەکاتە ناخۆش و تەنگەکاندا، پشتی کوردستانی بەرنەداوە، بۆیە دوای ئەو نیگەرانیانەی ئێستای باردۆخی عێراقیش دوای ئەفغانستان پێماندەڵێت: نیگەران مەبن ئێمە لەگەڵتانین، ئەوروپا بەگشتی و فەرەنسا بەتایبەتی نیگەرانن لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە ئەفغانستان، رەخنەیان لە ئەمه‌ریکا هەیە، چونکە بۆ ئەم کارەی هیچ پرسێکی بە ئەوروپا نەکردووە، جگەلەوەش ئەمه‌ریکا بەم هەنگاوەی لە ئەفغانستان متمانەی نێودەوڵەتی لەسەر هەردوو ئاستی فەرمی و میللی لەدەستدا، لەناوخۆشیدا بایدن و ئیدارەکەی کەوتوونەتە ژێر گوشارێکی زۆر و کیرڤی لایەنگری جەماوەری زۆر دابەزیوە، بۆیە ماکرۆن پێیوایە ئێستا کاتێکی زۆر باشە، کە وڵاتەکەی وەک یاریزانێکی بەهێز لە گۆڕەپانەکە رۆڵی خۆی ببینێ.

فەرەنسا لە هەر وڵاتێکی تری رۆژئاوای زیاتر بەتەنگ بەها مرۆڤایەتییەکانەوەیە، چونکە ئێستاشی لەگەڵ دابێ لەژێر کاریگەری دروشمەکانی شۆڕشە بەناوبانگەکەیدایە، هەروەها خۆی بە میراتگری کەلەپووری رۆشنگەری دەزانێت، بۆیە سیاسەتەکەی هەندێک لە بەهاکانی ئەخلاقی تێدایە. هەرێمی کوردستانیش ناوچەیەکی گرنگە و رۆڵێکی باش دەبینێت لە دابینکردنی ئاسایش بۆ هەموو ناوچەکە و عێراق بە تایبەتی، بۆیە ئەوان لە بڕوایەدان هەر هەژانێکی ئەمنی لەم ناوچەیە رووبدات، هەرێمی کوردستان دەتوانێت رۆڵێکی مەزن ببینێت بۆ هێورکردنەوە، سەرباری ئەوەی هەرێم خاوەن پەیوەندییەکی باشی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیە، عێراق بەبێ هەرێم دەکەوێتە دۆخێکی زۆر نەخوازراو بۆ ئەوان، وێڕای ئەمەش ماکرۆن متمانەیەکی زۆری بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە، کە دەتوانێت هاوسەنگیەکی باش لە نێوان لایەنە ناکۆکەکان رابگرێت، هەروەها یارمەتیدەرێکی باشیشە بۆ عێراق، چونکە ئەمە داواکارییەکی جەوهەری فەره‌نسایە لە هەرێمی کوردستان، ئەوان پێیانوایە تێکچوونی باری ئاسایشی عێراق کاریگەری نەرێنی بۆ سەر هەرێم و هەموو ناوچەکە هەیە، بۆیە مەبەستیانە عێراق وەک وڵاتێک، سەربەخۆیی و سەروەری خۆی لە دەستنەدات و بەهێز بێت، بەرامبەر دەستوەردانە دەرەکییەکان، بەتایبەتی دەستوەردانی ئێران و تورکیا لە کاروباری ناوخۆی،  ئەمە داخوازی وڵاتانی عەرەبیشە، بۆیە بەم شێوە و لەسەر ئاستی باڵادا بەشداریان لە کۆنگرەی بەغدا کرد.