هێرشی مووشەکی کرایە سەر فرۆکەخانەی کابول
K24 – هەولێر
هێرشێکی مووشەکی کرایە سەر فڕۆکەخانەی کابول و لەلایەن سیستمی بەرگری مووشەکی ئەمەریکی تێکشکێندرا.
بەرپرسێکی ئەمەریکی بە ئاژانسی رۆیتەرزی رایگەیاند، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بە پێنج مووشەک هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی کابول، سیستمی بەرگری مووشەکی بەرپەرچی هێرشەکەی دایەوە و مووشەکەکان تێکشکێندران.
ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشەکە هیچ قوربانییەکی هێزەکانی ئەمەریکای لێ نەکەوتووەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشەیتدپرێس بڵاویکردووەتەوە، مووشەکەکان لە باکووری کابولەوە ئاراستە کراون.
هێزەکانی ئەمەریکاش بڵاویان کردووەتەوە، هێرشەکە گواستنەوەی خەڵکی ئەفغانستان و دیپلۆماتکارانی رانەگرتووە و پرۆسەکە بەردەوامە.