کۆمپانیاکانی فەرەنسا هەزاران هەلی کار لە هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنن

گەورەترین کارگە لەسەر ئاستی عێراق لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە
کارکردن لە پڕۆژەیەکی فەرەنسییەکان لە هەولێر
کارکردن لە پڕۆژەیەکی فەرەنسییەکان لە هەولێر

K24 - هەولێر

فەرەنسا ژمارەیەک پڕۆژەو کارگەی لە کەرتی بیناسازی و کشتوکاڵی و شیرەمەنی، لە شارەکانی هەرێمی کوردستان هەیە و هەزاران هەلی کارەخساندووە، ئەو پڕۆژانەی ئێستا کار دەکەن سەرمایەکەیان بە نزیکەی دوو ملیار دۆلار دەخەملێندرێت و بەم زووانەش لە کەرتی بیناسازیدا گەورەترین کارگە لەسەر ئاستی عێراق لە کوردستان دەکاتەوە.

یەکێک لە پڕۆژە کشتوکاڵییەکانی فەرەنسییەکان، لە عەلوەری هاوچەرخی هەولێرە، بەگوێرەی ئەو گرێبەستەی هەیە کۆمپانیای ریچێڵ فەرەنسی 70 گرین هاوس دروست دەکات، بۆ مانگی داهاتوو دەست بەچاندن دەکرێت، پڕۆژە کشتوکاڵییەکە لەلایەن فەرەنسیەکانەوە گرنگ و بایەخی زۆری پێدەدەرێت و پلانی فراوانکردنیشیان هەیە.

کۆمپانیا فەرەنسییەکان لە بواری کشتوکاڵ، رۆڵێکی بەرچاویان لە کوردستان هەیە، چەندین کۆمپانیای بەرهەمێهێنانی پەین و دەرمانی کشتوکاڵی لقیان هەیە، براندە فەرەنسییەکان بەهۆی باشی کوالییتییەکەی خواستێکی زۆری لەسەرە و جوتیارانیش سودیان لە بەرهەمەکان بینیوە.

کۆمپانیای لاڤارژ، یەکێکی دیکەیە لە کۆمپانیا فەرەنسییەکان، دوو کارگەی چیمەنتۆ و چەند کارگەیەکی دروستکردنی کۆنکرێتی، لەگەڵ کۆمپانیایەکی پاراستنی ژینگەشی لە هەرێمی کوردستان هەیە، کە سەرمایەکانیان بە نزیکەی ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار دەخەملێندرین، بەو شێوەیەش نزیکەی سێ هەزار هەلی کاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی رەخساندووە.

هەرێمی کوردستان دەرگای بە رووی کۆمپانیا بیانییەکان کردووەتەوە،  فەرەنسیەکانیش لەو ماوەیەدا لە کەرتی کشتوکاڵ و بیناسازی و گاوداری لە هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن،  بڕیاریشە لە ماوەیەکی نزیکدا چەند کارگەیەکی دیکە دامەزرێنن، کە هەزاران هەلی کار دەڕەخسێنێت.