سێیەمین پێشانگای ئۆنلاین لەنێوان هەرێمی کوردستان و چین بەڕێوەدەچێت

زیاتر لە 188 كۆمپانیای چینی و نزیکەی 60 کۆمپانیای خۆماڵی بەشدار دەبن
سێیەمین پێشانگای ئۆنلاین لەنێوان هەرێمی کوردستان و چین بەڕێوەدەچێت
سێیەمین پێشانگای ئۆنلاین لەنێوان هەرێمی کوردستان و چین بەڕێوەدەچێت

K24 – هەولێر

بە بەشداری زیاتر لە 188 كۆمپانیای چینی و نزیکەی 60 کۆمپانیای خۆماڵی، سێیەمین پێشانگای ئۆنلاین لەنێوان هەرێمی کوردستان و چین بەڕێوەدەچێت.

بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کورستان و چین، سەكۆیەكی بازرگانی متمانەپێكراوی ئۆنلاین لەنێوان چین و هەرێمی كوردستان، بە بەشداری كۆنسوڵخانەی كۆماری چینی میللی لە هەولێر و ئەنجومەنی چین بۆ بەرزكردنەوەی بازرگانی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی لاوەكی جیانگسو و نوسینگەی ژینجیانگ، لەهەمانکاتدا نوێنەری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان و یەكێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان لقی هەولێر میوانداری  پێشانگای ئۆنلاینی براندی جیانگسوی ڕێگای ئاوریشم ( ژینجیانگ- وێستگەی هەرێمی كوردستانی عێراق) 2021، ئەمڕۆ سێشەممە 31/8/2021، سێیەمین پێشانگای ئۆنلاین لەنێوان هەرێمی کوردستان و چین بەڕێوەدەچێت.

پێشانگاکەی نێوان چین و کوردستان لە بوارەكانی كەرەستەی بیناسازی، پێداویستییە پزیشكییەكان، قوماش و جلوبەرگ، وزەو چەندین کاڵای دیکە دەبێت، زیاتر لە 188 كۆمپانیای چینی و نزیکەی 60 کۆمپانیای خۆماڵی بەشدار دەبن.

گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی یەکێتی هاوردەو ناردنکارانی کوردستان لقی هەولێر بە کوردستان24 راگەیاند "ئەمڕۆ سێەمین پێشانگای نێوانی چین و هەرێمی کوردستان، بەئامانجی بەردوامیدان و پێشختنی پەیوەندییە بازرگانییەکان و بەرزکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەڕێوەدەچێت".

ئاماژەی بەوەشکرد "بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پێشانگەکە بە ئۆنلاین دەکرێت و دەمانەوێت ئەو پەیوەندییە بازرگانییەی لەنێوان چین و کوردستاندا هەیە سست نەبێت و بەردەوام بێت".

بەشداربووانی پیشانگاکە لە هەرێمی کوردستانەوە بریتین لە:..

گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی لقی هەولێر /یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی عێراقی هەرێمی کوردستان

د.علی رەشید خۆشناو، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان

موخلس موراد، بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

هاوژین فەرهاد مەولود، بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان