لە 31ی ئاب چی روویدا؟

بە رووداوێكی بێ‌ پێشینە و سەربەخۆ سەیری 31ی ئاب ناكرێت، بە كاردانەوە دەزانرێت
لۆگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان
لۆگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان

راپۆرتی شیکاری - هه‌ڵگورد محه‌مه‌د:

دوای ئەوەی لە شەڕی ناوخۆدا، یەكێتی دەستی بەسەر هەولێر داگرت، بانگەشەی ئەوەی دەكرد، پارتی لە هەموو كوردستان وەدەر دەنێت و بەرپرسانی باڵاشیان لە گوتار و لێدوانەكانیاندا، ئەو نیازەیان نەدەشاردەوە، تا ئاستی ئەوەی دەیانگوت پارتی هیچی نەماوە و تەنیا ئەوە نەبێت فاتیحەی لەسەر بخوێندرێت.

لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە دوو ساڵ بوو ئاگری شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسابوو، بەڵام تاڕادەیەك بەرەكانی رووبەڕووبوونەوەی یەكتر لە هەردوو لا، بەهۆی ئاگربەست هێوربووبوونەوە. پارتی دیموكراتی كوردستان سەرقاڵی یادكردنەوەی یۆبیلی زێڕینی حزبەكەی بوو، چەندین میوانی گرنگ و دۆستی كوردستان و پارتی بەشداری یادكردنەوەكە بوون، ئەوەی پارتی بیری لێنەدەكردەوە، شكاندنی ئاگربەست و ئەو هێرشە لە ناكاوە بوو، كە لە چەند میحوەرێكەوە یەکێتی بەهاوکاری ئێران کردیە سەری.

بەرەبەیانی 17ی ئابی 1996  یەكێتی بە هێزێكی گەورەوە، كە لە هەموو ناوچەكانی كوردستان كۆیكردبووەوە، هێرشێكی فراوانی بە هاوكاری ئێران، لە میحوەرەكانی باڵەكایەتی و ڕواندز و شەقڵاوە بۆ سەر سەنگەرەكانی پارتی دەستپێكرد، لەولاشەوە لە ڕێگەی دۆڵی‌ ئالانە هێزێكی سوپای پاسداران دەیویست بەرەو كۆیە بچێت بۆ لێدانی بنكە و بارەگاكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران. پارتی هاوكاری ئەو هێزەی ئێرانی نەكرد و ڕێگریشی لێكرد، هێزەكانی ئێران ڕۆژانی 26 و 27ی تەممووزی 1996 بە هاوكاری و پشتیوانی ڕاستەوخۆی یەكێتی لە سنووری پێنجوێن پەڕینەوە هەرێمی كوردستان و گەیشتنە ناوچەی كۆیە و پەلاماری بنكە و بارەگاكانی حزبی دیموكراتیان دا، بەڵام پارتی نەچووە ژێرباری ئەو هەموو فشارانەی، كە خرانە سەری.

یەكێتی و پەكەكە بە پاڵپشتی هێزەكانی ئێران گەمارۆی هێزەکانی پارتییان دا، لە چیای مامەڕووت و میحوەری قەسرێ‌، بە هۆی تۆپبارانی خەستی سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، دەیان پێشمەرگەی پارتی شەهید و بە سەتانیش بریندار بوون.

گۆڕانكاری پارسەنگی هێز

لەو ڕۆژگارەدا، كە هەنووكە 25 ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوە تێدەپەڕێت، یەكێتی پێیوابوو شەڕەكە لە بەرژەوەندی خۆی تەواو دەبێت، چونكە بەهۆی پشتیوانی هاوكارەكانی نێوخۆیی و دەرەكی، ناهاوسەنگیەكی گەورە لە نێوان هەردوو لا، دروستبوو بوو، هەربۆیەشە، یەكێتی نەیدەویست تەنها بە هەڵگیرسانی شەڕ و سەركەوتنەكانی لە میحوەرەكانی باڵەكایەتی و ڕواندز و شەقڵاوە و دەورووبەری هەولێر بوەستێ‌، بەڵكو ئامانجی بوو پارتی لە كوردستان وەدەربنێت. لە هەفتەی یەكەمەوە شەڕ تا دەهات گەورەتر دەبوو، گیانی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە كۆیە و جێژنیكان و ناوچەكانی دیكەی كوردستان، لەسەر لێواری مەترسییەكی گەورە دابوو، تۆپبارانی سەر سەنگەر و بارەگاكانی پێشمەرگەی پارتی بەردەوام بوو، شەڕەكە ڕۆژ بەڕۆژ گرانتر دەبوو.

یەكێتی بەوەش نەوەستا، هێزێكی گەورەی دەربازی ناو ئێران كرد و لە ئێرانەوە هێزەكەی ناردە ناوچە سنوورییەكانی سیدەكان بۆ ئەوەی لەوێوە بەرەو ناوچەی سۆران و مێرگەسۆر و بارزان پەلبهاوێت و تەواوی دەڤەرەكە كۆنتڕۆڵ بكات. لە زۆر ناوچەی دیكەش پەكەكە پەلاماری هێزی پێشمەرگەی پارتی دەدا، پارتی تا ئەوكات لە پێگەی بەرگریدا كەوتبووە دۆخێكی سەخت، زیانێكی زۆر بەر هێزەكانی كەوتبوو. بۆیە گەیشتە ئەو بڕوایەی لە نێوان مان و نەمانی خۆی و قەوارەی هەرێمی كوردستان و پاراستنی گیانی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، یان تەسلیمكردنی ئەو بەشەی خاكی هەرێمی كوردستان بە نەیارە سەر سەختەكانی، یان گۆڕینی هاوكێشەی شەڕ و كۆتاییهێنان بەو مەترسیە گەورەیە، بڕیارێكی سەخت بدات. ئەگەرچی پارتی ئارەزووی نەدەكرد، ئەو بڕیارە بدات، بەڵام وەك دواتر سەركردەكانی ئەو حزبە ڕایانگەیاند، پێیانوابوو بۆ مانەوەی ئەو ئازادیەی كوردستان و دوورخستنەوەی ئەو مەترسییە لەسەر داهاتووی كوردستان، بە ناچاری دەبێ داوای هاوكاری لە حكومەتی ئەوكاتی عێراق بكەن. هاتنەپێشەوەی حكومەتی عێراق هاوكێشەی شەڕی گۆڕی. بەرەبەیانی31ی ئابی 1996 شەڕ لە زۆربەی میحوەرەكانی هەولێر دەستی پێكرد و چەند تانکێکی سوپای عێراق بەرەو هەولێر هاتن و تەنیا چەند کاتژمێرێک مانەوە و دواتر گەڕانەوە شوێنەکانیان. هێزەكانی یەكێتی لە هەولێر هیچ بەرگرییەکی نەکرد، نەک هەر لە هەولێر، بەڵکو لە تەواوی شار و شارۆچكە و ناوچەكانی هەرێمی كوردستان پاشەکشەی کرد و شەڕ كۆتاییهات.  بەڵام لە 10ی تشرینی یەكەمی 1996، واتە پاش تێپەڕبوونی 40 رۆژ بەسەر ڕووداوەکانی 31ی ئاب، یەكێتی بە هاوكاری هێزەکانی ئێران، هێرشی پێچەوانەی دەست پێكرد و توانی لە ماوەیەكی كورتدا، سنووری پارێزگای سلێمانی و تا كۆیە بگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی.

31ی ئاب وەك كاردانەوە

 بەشێکی زۆری چاودێرانی سیاسی پێیانوایە ناكرێ‌ وەك رووداوێكی بێ‌ پێشینە و سەربەخۆ سەیری 31ی ئاب بكرێت، بەڵكو بە كاردانەوەی دەزانن. پارتیش پێیوایە سەرەڕای ئەوەی هەر لە دروستكردنی پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو جۆرە سازشێكی كرد، بۆ ئەوەی ئاشتی كۆمەڵایەتی و یەكڕیزی بەرپاببێت، تەنانەت لە دەنگی دەنگدەرانی و پۆست و مافی خۆی خۆش بوو، بەڵام لایەنی بەرامبەر، ئەو سازشكردنانەی پارتی، کە  لە پێناو بەرژەوەندی گشتی کردی، بە بێهێزی پارتی لێكدایەوە. وەك چاودێرانی سیاسی ئاماژەی بۆ دەكەن، ئەو كات پارتی سەرجەم هێز و چەكەكانی خستە سەر هێزی یەكگرتووی پێشمەرگەی كوردستان، کە ئەو کات حکومەت لە دەستی یەکێتیدا بوو، بەڵام لایەنی بەرامبەر، لە یەكەمین هەلی دا، ئەو چەكانەی لە دژی پارتی بەكارهێنایەوە، پارتی وەك وەڵامدانەوەی ئەو هەموو نادادیانە و هەوڵەكان بۆ سڕینەوەی یەكجارەكی و ڕاكێشانی دەستی دەرەكی بۆ هەرێمی كوردستان، داوای هاوكاری لە حكومەتی عێراق كرد، هەر ئەوكاتیش ئەوەی نەشاردەوە و بە ئاشكرا ڕایگەیاند مەترسیەكە لەسەر قەوارە و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان زۆر گەورە بووە، بۆیە بۆ دوورخستنەوەی ئەو مەترسییە و ڕێگریكردن لە پلانی دەرەكی و شەڕی بەوەكالەتی پەكەكە، ناچاربوو ئەو ئەلتەرناتیڤە هەڵبژێرێت. ئەمەریكا و وڵاتانی هاوپەیمانیش ئەو هەقیقەتەیان بە باشی دەزانی، بۆیە هیچ كاردانەوەیەکی ئەوتۆیان نەبوو، چونكە پێیانوابوو بە سەركەوتنی پیلانی هاوبەشی بەرەی دژ بە پارتی، هێزە ئازادیخواز و دیموكراسییەكان، گورزی گەورەیان بەردەكەوێت.

31ی ئاب چی بە دوای خۆیدا هێنا؟    

دوای 31ی ئاب، باشتربوونی رەوشی ژیانی خەڵك و ئاسایشی هەولێر و دەورووبەری و ناوچەكانی دیكەی سنووری دەسەڵاتی پارتی، نەك ڕەوایەتی بەو بڕیارەی پارتی بەخشی، بەڵكو وایكرد جەماوەری پارتی و زۆر خەڵكی دیكەش، بە شانازی و دەستكەوتی بزانن، چونكە قۆناغێكی جیاوازی لەگەڵ خۆی هێنا. هەولێری لە نائارامی و نادڵنیایی لە ژیان و داهاتوویان، گواستەوە قۆناغی ئارامی و گەشە و دڵنیابوون لەسەر و ماڵی خۆیان. بۆیە ئێستا پارتی بە یەكێك لە ڕووداوەكانی شەڕی ناوخۆی دەزانێ‌ و هیچ كاتێكیش نایشارێتەوە، یەكێتیش بە خاڵێكی ڕەش و خیانەتی دەزانێت. چاودێرانی سیاسی پێیانوایە یەكێتی بەهۆی دەسپێشخەربوونی لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و لێكدانەوەی نالۆژیكی بۆ دۆخی سیاسی ئەوكات و خواستی لەمێژینەی بۆ تاکڕەوی و بەدەرنانی پارتی و هێزەکانی دیکە لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستان، تووشی ئەو هەڵە مێژووییە هات، هەروەك ئەو هەڵەیەی بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتی، لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لە كەركووك كرديان، ئاكامەكەی گەلی كوردستان زەرەرمەندێکی گەورە بوو. بەشێکی زۆری خاکی هەرێمی کوردستانیش کەوتەوە بندەستی میلیشیاکانی عێراق.

هه‌ولێر
هه‌ولێر له‌ 2021