پارێزگاری نەجەف: وەبەرهێنەرانی کورد لە نەجەف وەبەرهێنان دەکەن

لوئەی یاسری، پارێزگاری نەجەف: پەیوەندی روحی لەنێوان کوردستان و نەجەف هەیە
لوئەی یاسری، پارێزگای نەجەف
لوئەی یاسری، پارێزگای نەجەف

K24 - بەغدا

پارێزگاری نەجەف رایگەیاند، پەیوەندییەکی تۆکمە لەنێوان پارێزگاکەیان و کوردستان هەیە، چەندین وەبەرهێنەرانی کورد لە نەجەف وەبەرهێنان دەکەن، بە تایبەت کارگەی چیمەنتۆی کار کە سەرمایەکەی لە سەرووی 250 ملیۆن دۆلار دەخەملێندرێت.

لوئەی یاسری، پارێزگاری نەجەف بە کوردستان24ی راگەیاند: "پەیوەندییەکی نزیکی رۆحی لەنێوان نەجەف و کوردستان هەیە، کۆنە و هی ئەمڕۆ نییە، دەگەڕێتەوە بۆ چەندین دەیەی رابردوو، کە ئەو پەیوەندییە خۆشەویستیی و رۆحیە بە یەکیان دەبەستێتەوە، ئەو برایەتییەی لەنێوان هەردوولادا هەیە، جگە لەوەش پەیوەندییەکی ئابووری بەهێز لەنێوان هەردوولادا هەیە".

گوتیشی: "وەبەرهێنەرانی کوردستان لە نەجەف کاردەکەن و پڕۆژەی زەبەلاحیان لە نەجەف هەیە، بە تایبەت کارگەی چیمەنتۆی کار، کە قەبارەی وەبەرهێنانەکەی لە سەرووی 250 ملیۆن دۆلارە، کەشێکی سەقامگیرمان بۆیان رەخساندووە، هەروەها گەشتی ئاسمانیش لەنێوان نەجەف و هەولێر بەردەوامە، گەشتی ئاسمانی نەجەف - سلێمانیش هەیە و رۆژانە گەشت ئەنجامدەدرێت".