دەمیرتاش: دارستانەکانی دێرسم بە ئامانج و زانایی دەسوتێنرێن

"ساڵی 1938 دێرسم بە چ ئامانجێک بۆردومان کراوە، ئێستاش دارستانەکانی دێرسم بە هەمان ئامانج دەسوتێنرێن"
سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە
سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە

K24 - هەولێر

سەلاحەدین دەمیرتاش رایدەگەیەنێت "ساڵی 1938 دێرسم بە چ ئامانجێک بۆردومان کراوە، ئێستاش دارستانەکانی دێرسم بە هەمان ئامانج دەسوتێنرێن".

هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) سەڵاحەدین دەمیرتاش، کە پێنج ساڵە لە زیندانە، لە رێگەی پارێزکانییەوە رایگەیاند: "هۆکارەکانی نەکوژاندنەوەی دارستانەکانی دێرسم، کەموکورتی حکومەت نییە، چونکە لە ناوچەکە دارستانەکان بە زانایی دەسووتێندرێن و ئاستەنگیش بۆ هەوڵەکانی کوژاندنەوەشی دروست دەکرێت".

دەمیرتاش دەڵێ: "هەمووان ئەو راستییە دەزانن، بەڵام ناوێرن بیڵێن، لە ساڵی 1938 دێرسم بە چ ئامانجێک بۆردومان کراوە، ئێستاش بە هەمان ئامانج بە زانایی و سیاسەت دارستانەکانی دەسوتێنرێن".

هاوسەرۆکی پێشوی هەدەپە راشیگەیاند: "ئاگری دارستانەکانی باشووری تورکیا و دێرسم، ئەو جیاکارییەی سەلماند کە حکومەت دەیکات لە نێوانیاندا".

دیمەنێکی ئاگرکەوتنەوە لە گوندەکانی سەر بە پارێزگای دێرسم-ی باکووری کوردستان
دیمەنێکی ئاگرکەوتنەوە لە گوندەکانی سەر بە پارێزگای دێرسم-ی باکووری کوردستان