سلێمانی... كۆرۆنا له‌ ریزی منداڵان له‌ زیادبوونه‌

ھەر یەک لە نیشانەکانی تای بەرز، سکچوون، ڕشانەوە، سک ئێشە، سەرئێشەی زۆر و لوت تەڕی، ئەو نیشانانەن کە ھەرکات لە منداڵدا دەرکەوتن، پێویستە نیشانی پزیشک بدرێت

K24- هه‌ولێر:

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان له‌ سلێمانی، ئاشکرایكرد، ڕێژەی توشبوون بە کۆرۆنا لە نێو منداڵاندا، زیادی کردووە و لە دوای ھاتنی شەپۆلە توندەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، نیشانەکانی وەک سکچوون و ڕشانەوە و کۆکە و تای بەرز لە منداڵاندا، دەرکەوتوون.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی، ئامۆژگاری دایک و باوکان دەکات، کە ئەگەر منداڵەکانیان ھەر نیشانەیەکیان ھەبوو، ڕاستەوخۆ سەردانی پزیشک بکەن.

ژمارەیەک منداڵ لە نەخۆشخانەی ناوبراو خەوێندراون و چارەسەر وەردەگرن، جه‌بار محه‌مه‌د، چەند شەوێکە بە دیار بارانی کوڕیەوە سات بەسات چاودێری دۆخی تەندروستی دەکات، چونکە کوڕە (دە) ساڵانەکەی، توشی کۆرۆنا بووە و وەک خۆی باسیكرد، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا نیشانەکانی بە قورسی لێدەرکەوت، بۆیە سەردانی پزیشکیان کردووە، ئامۆژگاری دایکان و باوکانیش دەکات، ئاگاداری خۆیان و منداڵەکانیان بن.

جەبار محه‌مه‌د، بۆ كوردستان 24 رایگه‌یاند، ماوەیەکە لە نێو نەخۆشخانەی منداڵاندا ژمارەیەکی زۆر لە پزیشک و کارمەندان، توشی کۆرۆنا بوونه‌، ئەمە بەڵگە بوو بۆ ئەوەی ڕێژەکە لە منداڵاندا زیاد بكات.

دكتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان له‌ سلێمانی، روونیكرده‌وه‌، ھەر یەک لە نیشانەکانی تای بەرز، سکچوون، ڕشانەوە، سک ئێشە، سەرئێشەی زۆر و لوت تەڕی، ئەو نیشانانەن کە ھەرکات لە منداڵدا دەرکەوتن، پێویستە نیشانی پزیشک بدرێت، چونکە ڕەنگە ئەو نیشانانە وابکەن سەرلێشواوی بۆ پزیشکان دروست بکات و ھۆکار بێت بۆ نەخۆشی دیکە جگە لە کۆرۆنا.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی، بە پێویستی دەزانێت منداڵانیش ڕێنماییەکانیان  جێبەجێبکه‌ن، چونکە منداڵ گوێزەرەوەیەکی باشی ڤایرۆسی کۆرۆنایە بۆ کەسانی گەورە.

ك.ب