به بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌و سیمكارتانه‌ی بێ فۆڕم و به‌رایین راده‌گیرێن
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه (1ی ئه‌یلوول/ سپێتێمبه‌ری 2021) به سه‌رپه‌رشتی مه‌سرور بارزانی كۆبووه‌وه و چه‌ند پرسێكی گرنگی تاووتوێ كرد، له‌وانه پرسی فرۆشتنی سیم‌كارت به شێوه‌ی فۆڕم و به‌رایی.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و وەزارەتی ناوخۆی، ڕاسپارد بۆ وەرگرتنی ڕێکاریی پێویست بۆ قەدەغەکردنی مامەڵەکردن بە سیم کارتی مۆبایلی بێ فۆڕم و بەرایی.
ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش كرا، لەمەودوا ده‌بێت تەواوی زانیاری کڕیارانی سیمکارت دیاربێت، هەموو ئەو سیمکارتانەش ڕابگیرێن کە بێ فۆڕمن، بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە کۆمپانیاکانی مۆبایل پابەند بن.
جیا له‌وه‌ش، وەزارەتی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕا‌سپێردرا، ڕێکار بەرامبەر ئەو سەرپێچیکارانە بگرێتەبەر، کە ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بەشێوەیەکی خراپ بەکاردەهێنن.
ك.ب