داعش لە سنووری کەرکووک هێرشی کرد

گوندێکی کوردنشین گەمارۆ دەدەن و شەڕی قورس ڕوویدا
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - کەرکووک

لە هێرشێکی چەکدارانی داعش بۆ سەر گوندی شەحەلی کۆنی سەربە شارەدێی سەرگەڕان لە سنووری کەرکووک، سەربازێکی سوپای عێراق کوژراو و هاووڵاتییەکیان رفاند و شەش هاووڵاتی دیکەش بریندار بوون.

هاووڵاتییەکی گوندەکە بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەکدارانی داعش گەمارۆی گوندەکەیان داین، کە ژمارەیان 30 چەکدار دەبوو، هێرشیان کردە سەر گوند و هاوشانی هێزە عێراقییەکان خەڵکی گوندەکەش بەرپەرچی هێرشەکەیاندایەوە، لە ئەنجامدا سەربازێکی فیرقەی 14ی سوپای عێراق کوژرا و هاووڵاتییەکی گوندەکەش بەناوی (نایف) رفێنران، هاوکات سێ بۆمبی چێنراو لە نزیک گوندەکە تەقینەوە".

گوتیشی: "لە گوندی شەحەلی نوێوە کە نزیکە لە گوندەکەمان هاووڵاتییان ویستویانە بەهانامانەوەبێن، بەڵام بەهۆی دانانی بۆمب لەسەر رێگاکان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە نەتوانراوە نزیک گوند بکەونەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "لەکاتی شەڕەکەدا هێزە ئەمنییەکان هاتن و چەکدارانی داعش رووبەڕووی ئەوانیش بوونەوە".

گوندی شەحەل گوندێکی کوردنشینە و سەربە شارەدێی سەرگەڕانە و دەکەوێتە خۆرئاوای کەرکووک.

لەلایەکی دیکە شەوی رابردوو چەکدارانی داعش هێرشیان کردە گوندی دەکشمانی سەربە شارەدێی تازە، رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خەڵکی گوندەکە روویدا و سێ ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیانیان سووتاند و چەندین سەر مانگا و مەڕ و ماڵاتیان کوشت.