"حکومەتی نوێی ئەفغانستان هاوشێوەی سیستمی سیاسی ئێران دەبێت"

تاڵیبان حکومەتی نوێی ئەفغانستان پێکدەهێنێت
سەرکردەکانی تاڵیبان
سەرکردەکانی تاڵیبان

K24 - هەولێر

راپۆرتێکی ئەمەریکی ئاشکرای دەکات، ئەو حکومەتەی تاڵیبان کار لەسەر پێکهێنانی دەکات، هاوشێوەی حکومەت و سیستمی سیاسی ئێرانە.

رۆژنامەی واشنتن پۆست لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە "لەم چەند رۆژەدا گفتوگۆکانی تاڵیبان دەستیپێکردووە، بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی ئایینی لە ئەفغانستان کە هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە، سەرکردەی بزووتنەوەکە سەرپەرشتی دەکات، رەنگە خۆی بکرێتە رێبەری باڵای ئەفغانستان، هاوشێوەی پەیکەری سیاسی ئێران".

هەروەها رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە "رەنگە کۆمەڵێک کەسایەتی دیاری ناو بزووتنەوەکە پۆستی باڵایان هەبێت لەو حکومەتەدا، وەک عەبدولغەنی برادەر، کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەکە و سیراجەدین حەقانی، نوێنەری سەرکردەی بزووتنەوەکە و مولاوی محەمەد یەعقوب، کوڕی مەلا محەمەد عومەر، سەرکردەی پیشووی تاڵیبان".

پێشتر عەباس ئوستانكەزی، ئەندامی شاندی باڵای تاڵیبان لە قەتەر بە كەناڵی بی بی سی بەریتانی راگەیاندبوو، حکومەتی نوێ، حکومەتێکی گشتگیر دەبێت و ژنانیش جگە لە ئاستی وەزیران بەردەوام دەبن لە رۆڵگێڕانیان، بەڵام  بەمەرجێک هاوکارو لایەنگری ئەمەریکا نەکەن. بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا حکومەتی نوێی ئەفغانستان رادەگەیەندرێت.