هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان یاریزانێكی له‌ده‌ستدا

ئه‌م یاریزانه‌ بۆ كوردستان24 ده‌دوێت و هه‌واڵی ناخۆشییشی پێیه‌

رێكار هاشم، ناوه‌ڕاستكاری هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی كوردستان له‌ یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان تووشی پێكان بوو، ‌له‌ لێدوانێكیشدا بۆ كوردستان24 هانده‌رانی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی نیگه‌ران ده‌كات و ده‌ڵێت: ناتوانم به‌شداریی هیچ یارییه‌كی دیكه‌ی ئه‌م پاڵه‌وانییه‌تییه‌ بكه‌مه‌وه‌..

ریكار هاشم، له‌ لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پشكنینی پزیشكی بۆ كراوه‌، ئه‌نجامه‌كه‌شی واده‌ریخستووه‌ كه‌ ناتوانێت به‌شداریی هیچ یارییه‌كی دیكه‌ی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی كوردستان له‌ پاڵه‌وانییه‌تیی كۆنیفا بكات.

ریكار ده‌شڵێت: سبه‌ی پشكنینێكی دیكه‌م بۆ ده‌كرێت و كاتی دوورخستنه‌وه‌م به‌ ته‌واوه‌تی بۆ دیاریی ده‌كرێت، به‌ڵام له‌هه‌موو بارێكدا دڵنیاكراومه‌ته‌وه‌‌وه‌ كه‌ ناتوانم به‌شداریی هیچ یارییه‌كی داهاتووی هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان له‌م پاڵه‌وانییه‌تییه‌دا بكه‌م.

له‌ جامی كۆنیفای 2016 كه‌ له‌ هه‌رێمی ئه‌بخازیای سه‌ر به‌ وڵاتی رووسیا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی كوردستان دووه‌مین سه‌ركه‌وتنی له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی یه‌كگرتووی كۆریا تۆمار كرد، به‌ڵام له‌م یارییه‌دا رێكار هاشم له‌ نیوه‌ی دووه‌م له‌ شوێنی محه‌مه‌د سابر هاته‌ نێو یاریگه‌، به‌ڵام دوای ته‌نیا 3 خوله‌ك به‌هۆی پێكانه‌وه‌ یاریگه‌ی جێهێشت.