وەزیری نەوتی عێراق: سیاسەتی ئۆپێک بازاڕی نەوت سەقامگیر دەکات

"پاڵپشتی سەرجەم رێککەوتنەکانی نێو گرووپی ئۆپێک پڵەس دەکەین"
ئیحسان عەبدولجەبار لعێبی، وەزیری نەوتی عێراق - ئەرشیف
ئیحسان عەبدولجەبار لعێبی، وەزیری نەوتی عێراق - ئەرشیف

K24 - هەولێر

وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، سیاسەتی بەرزکردنەوەی پلە بە پلەی ئاستی بەرهەمهێنان هاوکاری سەقامگیری بازاڕی نەوتی جیهانی دەکات.

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، وڵاتەکەی پاڵپشتی سەرجەم رێککەوتنەکانی نێو گرووپی ئۆپێک پڵەس دەکات کە هاوکار بێت لە سەقامگیری بازاڕی نەوت.

ئاماژەی بەوەشدا، هاوپەیمانی وڵاتانی ئۆپێک پڵەس بە یەکەوە بەردەوام دەبن، لە چاودێری کردنی بازاڕی نەوت لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەکی خواست و خستنەڕوو مامەڵە دەکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە، وڵاتانی ئۆپێک پڵەس رێککەوتن لە پابەندبوونیان بە سیاسەتی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بە شێوەی پلە بە پلە، سەرەڕای گۆڕانکاری لە پێشبینییەکانیان بۆ خواست لە 2022 و بەردەوامی گوشارەکانی ئەمەریکا بە خێرا بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان.