سعوودیە ئامادەیە بۆ شەڕی داعش ھێز رەوانەی سووریا بكات

"پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشاری زیاتر بخاتە سەر رژێمی سووریا"

K24 - ھەولێر

وەزیری دەرەوەی سعودیە رایگەیاند وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش ھێز رەوانەی سووریا بكات.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ئەنجوومەنی ھاریكاری كەنداو عادل ئەلجوبێر، وەزیری دەرەوەی سعوودیە گوتی: " سوپای سعوودیە لە ئامادەیی تەواو دایە ئەگەر لە لایەن ھاوپەیمانانەوە داوای لێبكرێت بەشداری بكات لە جەنگی سووریا".

عادل ئەلجوبێر راشیگەیاند: "پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشاری زیاتر بخاتە سەر رژێمی سووریا بۆ ئاسانكاری كردن یان بەلایەنی كەم رێگری نەكردن لە ناردنی ھاریكاری بۆ وڵاتەكە".

ھەروەھا، دەربارەی كێشەكانی یەمەن، وەزیری دەرەوەی سعوودیە ئەوەی خستەڕوو: "سعوودیە ھیواخوازە رێگەچارەی ئاشتی بدۆزرێتەوە بۆ كۆتاییھێنان بە دۆخی ئەو وڵاتە".