کارکردن لە قۆناغێکی دیکەی شەقامی 150 مەتری هەولێر دەستیپێکرد

K24 - هەولێر
ئەمڕۆ شەممە 4/9/2021، کارکردن لە قۆناغێکی دیکەی شەقامی 150 مەتری هەولێر دەستیپێکرد، کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری رێگاوبان.
پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر رایگەیاند، دوای ئەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، رەزامەندی پێشاندا بە دەستپێکردن و تەواوکردنی بەشێکی دیکەی شەقامی 150 مەتری لە هەولێر، ئەمڕۆ کارکردن لە قۆناغی دووەمی شەقامەکە دەستیپێکرد.
ئەم قۆناغەی پڕۆژەی 150 مەتری هەولێر، شەقامی (ھەولێر- کۆیە) تاوەکو (ھەولێر - شەقڵاوە) دەگرێتەوە، درێژییەکەی (7.2) کیلۆمەتر دەبێت، لەگەڵ دروستکردنی شەقامی خزمەتگوزاری دوو ساید بەپێی یاسا و رێنماییەکان.
لە 25/2/2021 بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قۆناغی یەکەمی شەقامی 150 مەتری لە هەولێر کرایەوە.
قۆناغی یەکەمی شەقامی 150 مەتری لە رێگەی (هەولێر- بەحرکە) تاوەکو (هەولێر-شەقڵاوە) تەواو کراوە و ئێستا بەرووی شۆفێران کراوەتەوە و بە تەواوبوونی بەشی دووەمی شەقامەکەش ئاسانکاری زۆر بۆ شۆفێران دەکرێت و کاریگەری دەبێت بۆ چارەسەری گرفتی هاتووچۆ لە پایتەختی هەرێمی کوردستان و دەوروبەری.