ئەمەریکا هۆشداری دەداتە ئێران

واشنتن: ناتوانین تاهەتایە چاوەڕێی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بین
ئاڵای ئەمەریكا و ئێران
ئاڵای ئەمەریكا و ئێران

K24 - هەولێر

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران رایدەگەیەنێت "واشنتن ناتوانێت تاهەتایە چاوەڕێی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی زیندوو کردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی بێت، لەبەر ئەوەی ئەگەر پێشکەوتنە ئەتۆمییەکانی ئێران هەروا بەردەوام بن، رەنگە بگەنە قۆناغێک کە ئیتر رێککەوتننامەی ئەتۆمی هیچ بایەخێکی بۆ ئەمەریکا نەبێت".

دوو مانگ و نیوە دانوستانەکانی ڤیەننا بۆ زیندوو کردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی راگیراون، ئەمەریکا و ئەوروپا بیر لە ئەگەرەکانی نەگەڕانەوەی ئێران بۆ دانوستانەکان دەکەنەوە.

رۆبێرمالی، نوێنەری تایبەتی حکومەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران، کە سەرپەرشتی شاندی ئەمەریکا لە دانوستانەکانی ڤیەنناشە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی بلومبێرگ رایگەیاندووە: "ئەمەریکا هیچ نیشانەیەک لە ویستی حکومەتی ئیبراهیم رەئیسی بۆ بەشداری لە گەڕی حەوتەمی دانوستانەکانی پێ نەگەیشتووە".

بە گوتەی مالی، وڵاتەکەی ناتوانێ تاهەتایە چاوەڕێی گەڕانەوەی ئێران بۆ دانوستانەکان بێ، لە کاتێکدا کە ئێران بەردەوامە لە هەوڵەکانی پێشخستینی بەرنامە ئەتۆمییەکەی. لەبەر ئەوەی لە قۆناغێک بەملاوە، ئیتر پێشکەوتنەکان بە شێوەیەک دەبن، کە گەڕانەوە بۆ رێککەوتننامەی ئەتۆمی بۆ ئەمەریکا هیچ بەهایەکی نابێ.

بڕیار وایە دوو هەفتەی دیکە کۆنفڕانسی گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بەڕێوەبچێت، چاوەڕێ دەکرێت لە پەڕاوێزی کۆنفڕانسەکەدا، رافائێل گرووسی، سکرتێری گشتیی ئاژانسە نێودەوڵەتییەکە و محەمەد سەلامی سەرۆکی نوێی ئاژانسی ئەتۆمیی ئێران کۆببنەوە.

بە گوێرەی راپۆرتەکەی بلومبێرگ، لەم دیدارەدا گرووسی داوا دەکات، رێککەوتنی چاودێرییەکانی ئاژانسەکەی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران درێژ بکرێتەوە و لە ئەگەری بە ئەنجام نەگەیشتنی ئەم دانوستانانەشدا، وڵاتانی ئەوروپی بیر لەوە دەکەنەوە بە پەسند کردنی بڕیارنامەیەک لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، دۆسیەی ئێران بنێرنەوە ئەنجومەنی ئاسایش.

لە لایەکی دیکەوە نەفتالی بێنێتی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە جێی شەڕ کردن لەسەر رێککەوتننامەی ئەتۆمی، دەیەوێت هەوڵەکانی لەسەر ستراتیژییەکی بەربڵاوتر لە دژی ئێران چڕ بکاتەوە.

یاماژەی بەوەشداوە، لە دیدارەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا، بە مەبەستی رێگری کردن لە پیتاندنی یۆرانیۆم، دەستوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە و پەرەپێدانی هێزی مووشەکی لە لایەن ئێرانەوە، پلانێکی داوە بە بایدن و ئێستا ئیسرائیل بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئێران بووەتە رێگەچارەیەک بۆ هەموو جیهان.