کۆمپانیای گەڵف 37 ملیۆن و 600 هەزار دۆلاری لە حکومەتی هەرێم وەرگرتووە
K24 - هەولێر
کۆمپانیای گەڵف کیستۆنی رایگەیاند، 37 ملیۆن و 600 هەزار دۆلاریان وەک شایستەی کارکردنیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، کە 29 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری وەک پوختە بۆ کۆمپانیاکە ماوەتەوە.
ئەو کۆمپانیایە راشیگەیاندووە، وەرگرتنی ئەو دەستهەقە پەیوەستە بە فرۆشتنی نەوتی خاو لە کێڵگەی شێخان، بۆ مانگی تەمموز، هەروەها ئەو دەستهەقانەی پێشوو کە وەریان نەگرتووە.
هەروەەها گەڵف کیستۆن بڵاویکردووەتەوە، کە جگە لەو بڕەی وەریانگرتووە، 50 ملیۆن و 100 هەزار دۆلاری دیکە وەک قەرز لەسەر کۆمپانیاکە ماوە. دوای ئەو هەواڵەش لە کۆتا مامەڵەکانی دوێنێ هەینیدا، پشکەکانی کۆمپانیای گەڵف کیستۆن بە رێژەی 3٪ بۆ 183 پێنس بەرزبووەوە.