5 بەنداوی بچووك لە پارێزگای هەولێر دروستدەکرێن
K24- ههولێر:
141 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری پارێزگای ھەولێر لە چوارچێوەی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان لە جێبەجێکردندان، کە سەرجەم قەزا و ناحیە و گوندەکان دەگرێتەوە، پارێزگاری ھەولێر بەشێك لە پڕۆژەکانی بەسەرکردەوە کە تایبەت بوون بە کەرتی تەندروستی و رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی، جێگری پارێزگاری ھەولێر ئاشکرای دەکات، کە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ھەولێر پەلەیان تێدا دەکرێت، بۆ ئەوەی پێش وەرزی زستان تەواو بکرێن.
بەردی بناغەی بنکەیهكی تەندروستی له کەورگۆسك دانرا و بە تەواوبوونی کێشەی تەندروستی سنوورەکە چارەسەر دەکات، د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر ئاماژەی بەوە كرد، گوێیان لە کێشەی تەندروستی ھاووڵاتیان گرتووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا لەپاڵ خێراترکردنی کاروباری تەواوکردنی نەخۆشخانەکەدا دەوامی ئێوارانی نەخۆشخانەکە و کێشەی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنیشیان بۆ چارەسەر دەکرێت.
لە ناحیەی قوشتەپەش پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی بەنداوی بچووکی گلدانەوەی ئاو کە 15 گوندی ناوچەکە سوودی لێ وەردەگرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وشکەساڵی لە تەواو بووندایە، لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی پارێزگای ھەولێردا نزیکەی 6 ملیار دینار بۆ سنووری چەند ناحیەیەک بۆ پڕۆژەکان تەرخان کراوە.
مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری ھەولێر گوتی: "5 بهنداوی گلدانهوهی ئاو له پارێزگای ههولێر جێبهجێ دهكرێن، كه بهنداوێك له فاتاوهیه و دوو بهنداوی دیكه ههر له سنووری شهقڵاوهیه، بهنداوێكی دیكه له سۆرانه، جگه لهو بهنداوهی ناحیهی قوشتهپه، كه جێبهجێدهكرێت".
لە سنوری ھەولێر 141 پڕۆژە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای ھەولێر و 23 پڕۆژەش لەسەر بودجەی شارەوانییەکان جێبەجێ دەکرێت، کە پڕۆژەی خزمەتگوزاری ئاوەدانکردنەوە و رێگاوبان و تەندروستین.
د.ی