ئه‌مه‌ریكا له‌ رووی ماددییه‌وه‌ هاوكاری عێراق ده‌كات

بڕی 10 ملیۆن دۆلار بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ عێراق ته‌رخانكرا
پۆلینكردنی ده‌نگه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشووی عێراق
پۆلینكردنی ده‌نگه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشووی عێراق

K24- هه‌ولێر:

شارەزایانی نێودەوڵەتی و بواری هەڵبژاردن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تایبەت ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتووەکان زۆر بە وردی چاودێری پڕۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن، لە پێناو ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاك و بێگەرد ئەنجام بدرێت و دووبارە بتوانرێت روویەكی دیموكراسی جوانی ئەو وڵاتە پیشانی وڵاتانی رۆژئاوا بدرێت.

پڕۆسەی تۆمارکردنی ناوی چاودێرانی بیانی بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێکرد، هاوشانی چاودێرانی ناوخۆ و لایەنە سیاسییەکان، چاودێرانی بیانی بە تایبەت ئەمەریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا بە تیمی چاودێر هاوکاری سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە دەکەن، ئەوان مەبەستیانە هەڵبژاردنێکی پاك و بێگەرد بەرێوەبچێت، بەراورد بە هەڵبژرادنەکانی پێشوو لایەنی نێودەوڵەتی رۆڵی فراوانتر لە چاودێریکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی  پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت.

ئارام نەجمەدین، شارەزای بواری هەڵبژاردن گوتی: "ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به‌ كۆی ده‌نگ بڕیار له‌سه‌ر چاودێریكردنی هه‌ڵبژاردنی عێراق بدات، ده‌ركردنی بڕیاری (2576)ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی عێراقه‌، ئه‌مه‌ریكاش بڕیاری داوه‌، به‌ تیمێك به‌شداری بكات و بڕه‌ پاره‌یه‌كیشی بۆ چاودێری هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عێراق دابینكردووه‌".

رۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا و لە چاودێریکردنی ئەم پڕۆسەیە لە چاو هەڵبژاردنەکانی دیکە جیاواز دەبێت، بەو ئامانجەی هەڵبژاردنێکی پاك و بێگەرد بکرێت و گۆڕانکاری سیاسی و ئیداری لە عێراق دروست بکات و بتوانرێت بە پێکهێنانی حکومەتی تازە چارەسەری کێشەکان بکات و پشتگیری کۆمەڵگەی نێودەڵەتیش بەدەست بهێنێت.

کاروخ خۆشناو، سەرۆکی ئەنیستیتۆی توێژینەوەی ئەمه‌ریکی کوردی گوتی: "ده‌یانه‌وێت له‌ رووی ماددی و مه‌عنه‌وییه‌وه‌ چاودێرییه‌كی چاكی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عێراق بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ به‌ شێوه‌یه‌كی پاك و بێگه‌رد به‌ڕێوه‌بچێت، بۆیه‌ ئه‌مه‌ریكا بڕی 10 ملیۆن دۆلاری ته‌رخانكردووه‌ و له‌ رێگه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ هاوكاری عێراق ده‌كات".

هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەرە، لە پێناو ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاك و بێگەرد ئەنجام بدرێت، شارەزایانی بواری هەڵبژاردنیش چاودێری وڵاتانی ئەوروپی و بەتایبەت نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بە گرنگ دەزانن، تا دووبارە بتوانرێت روویەكی دیموكراسی جوانی ئەو وڵاتە پیشانی وڵاتانی رۆژئاوا بدرێت.

د.ی