زیاتر لە 380 ملیۆن دینار بۆ پەرەپێدانی سێكتەری ئاوی خواردنەوەی هەولێر خەرجكرا

K24 - هەولێر
بە مەبەستی پەرەپێدانی سێكتەری ئاو و نۆژەنكردنەوەی پڕۆژەكانی ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری خەرجكردنی زیاتر لە 380 ملیۆن دیناری دا بۆ جێبەجێكردنی 14 پڕۆژەی تایبەت بە ئاو لە شاری هەولێر.
وەزارەتی شارەوانی بڵاویکردەوە، كۆی گوژمەكە بریتییە لە 380 ملیۆن و 477 هەزار و50 دینار و لەسەر رێژەی 17٪ی داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر بە مەبەستی جێبەجێكردنی 14 پرۆژەی ئاو لە شاری هەولێر خەرج دەكرێت.
ئەو بڕە پارەیە بۆ درێژكردنەوەی تۆڕەكانی ئاو و دانانی بۆری و كڕینی مەوادی پاككەرەوە و كڕین، هەروەها گۆڕینی كەلوپەلی پێویست و نۆژەنكردنەوە و پەرەپێدانی پڕۆژەكانی ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر خەرج دەكرێت، كە ئەمەش كاریگەری لەسەر بەرزكردنەوەی خزمەتگوزاری ئاو لەو شارە دەبێت.