نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ سەرۆکى پەرلەمانى ئوردن کۆبووەوە

شاندى ئوردنى، بەردەوامیى پشتگیریى شا عەبدوڵڵا و شانشینى ئوردنی بۆ هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ عەبدولمونعم ئەلعەودات، سەرۆکى پەرلەمانى  ئوردن کرد
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ عەبدولمونعم ئەلعەودات، سەرۆکى پەرلەمانى ئوردن کرد

K24 - هه‌ولێر:

نیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە (5ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2021) نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە عەبدولمونعم ئەلعەودات، سەرۆکى پەرلەمانى شانشینى ئوردنیى هاشمى و شاندێکى یاوەرى کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا سەرۆکى پەرلەمان و جێگرانى سەرۆکى هەرێمى کوردسان و جێگرانى سەرۆکى پەرلەمان و وەزیرى کاروبارى پەرلەمان و باڵیۆزى ئوردن لە عێراق ئامادەى بوون، پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و شانشینى ئوردنى و چۆنیەتیى بەرەوپێشبردنیان تاوتوێ کران و هەردوولا پەیوەندییەکانیان بە مێژوویى لە قەڵەم دا.

شاندى ئوردنى، بەردەوامیى پشتگیریى شا عەبدوڵڵا و شانشینى ئوردنیى هاشمییان بۆ هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە و رێز و پێزانینیان بۆ رۆڵى هەرێمى کوردستان لە شەڕى دژى تیرۆر و تێکشكاندنى داعش دووپات کردەوە و بە بایەخەوە باسیان لە رۆڵ و پێگەى هەرێمى کوردستان لەسەر ئاستى عیراق و ناوچەکە بۆ پاراستنى هاوسەنگى و سەقامگیرى کرد.

لاى خۆیەوە نێچیرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانینى هەرێمى کوردستانى بۆ پشتگیریى بەردەوامى خاوەنشکۆ شا عەبدوڵڵاى دووەم و ئوردن چ لە سەردەمە سەختەکانى رابردوو و چ ئێستا لە هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە و خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ برەودان بە هەموو بوارەکانى پەیوەندیى لەگەڵ ئوردن نیشان دا.

دۆخى سیاسى و ئەمنیى عیراق و هەرێمى کوردستان و برەودان بە بوارەکانى هاریکارى و هاوبەشى، هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق، مەترسییەکانى تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەى داعش، پەتاى كۆرۆنا و لێکەوتەکانى، دەرفەتى کار و وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆى چارەسەرکردنى کێشەکانیان لەگەڵ چەند بابەتێکى جێى بایەخى هاوبەش، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون.

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە عەبدولمونعم ئەلعەودات، سەرۆکى پەرلەمانى شانشینى ئوردنیى هاشمى و شاندێکى یاوەرى کرد
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە عەبدولمونعم ئەلعەودات، سەرۆکى پەرلەمانى شانشینى ئوردنیى هاشمى و شاندێکى یاوەرى کرد