حاكم قادر: دەبێ ھەموومان پێكەوە یەكڕیزی حزبە كوردستانییەكان و گەلەكەمان بپارێزین

"لە ناویەكێتدا ھەمشیە بۆچوونی ئازاد و رای جیاواز ھەبووە"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (كوردستان24) بە بۆنەی یادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان حاكم قادر حەمەجان، كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی رایگەیاند: "لە یادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان تەئكید لەوە دەكەینەوە كە پێویستە گەلەكەمان لەم قۆناغەدا یەكڕیز و یەكگرتووبین و خاوەن یەك گوتاری سیاسیی بین، تەنھا چەكێك كە بە دەست گەلی كوردەوە بێت لەبەرامبەر ئەگەرەكانەوە چەكی یەكڕیزی و یەكگرتووییە.

حاكم قادر دەڵێ: "ئێمە وەك یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە چەند رۆژی رابردوو بۆ ئاشتی و ئارامی كوردستان و ناوچەكە ھەنگاوی جیدیمان ناوە، لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان رێككەوتننامەیەكی سیاسیاسیمان واژووكرد، ئەو رێككەوتننامەیە جەخت لە یەكخستنەوەی ماڵی كورد و پاراستنی یەكێتی ھەرێمی كوردستان دەكاتەوە، دەبێ ھەموومان پێكەوە یەكڕیزی حزبە كوردستانییەكان و گەلەكەمان بپارێزین، بۆ ئەوەی لەگەڵ حزبە كوردستانییەكان بە گشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتی چارەسەری كێشە و قەیرانەكان".

لەبارەی وتارەكەی مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی یەكێتی كە رەخنەی لە حزبەكەی و رێككەوتننامەی یەكێتی و گۆڕان گرتووە حاكم قادر گوتی: "ئەوە رای خۆیەتی و لە ناویەكێتی نیشتمانی كوردستاندا ھەمشیە بۆچوونی ئازاد و رای جیاواز ھەبووە لەسەر زۆر كێشە، ئەمە یەكەمجار نییە لەسەر پرسە رای جیاوازمان ھەبێت، لە سەرەتای دروستبوونی یەكێتیەوە ئەوە ھەبووە، لەبەر ئەوە ئاساییە ھەر ھەڤاڵێك لە ھەرپلە و پۆستێك بێت، لەسەر رێككەوتننامەكە یان لەسەر بڕگە و مادەیەكی قسەی ھەبێت".