شه‌ڕی ئه‌هلی به هاتنه‌وه‌ی ئه‌لقاعیده یان داعش، دروستده‌بێت

K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
تا ئه‌مڕۆ 5ی ئه‌یلول (سێپتێمبه‌ری 2021) دۆڵی په‌نجشیر كه هێزه‌كانی به‌ره‌ی به‌رهه‌ڵستكاری نیشتمانی ئه‌فغانستانی تێيدا جێگیرن، له به‌رگریكردندایه به‌رامبه‌ر بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان، وڵاتانیش ورده ورده هه‌ڵوێستیان ئاشكراده‌كه‌ن و به راسته‌وخۆ و نهێنی به‌شداری ئه‌و ململانێ تونده ده‌كه‌ن.
به‌پێی میدیاكانی ئه‌مه‌ریكا، تاجیكستان به‌ئاشكرا چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی ده‌نێرێت بۆ به‌ره‌ی به‌رهه‌ڵستكاری نیشتمانی ئه‌فغانستان، كه كوڕی سه‌ركرده‌ی دیاری ئه‌فغانی (ئه‌حمه‌ج شا مه‌سعود) سه‌ركردایه‌تی ده‌كات، پاكستانیش هانی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان ده‌دات و هاوكاری حكومه‌ته‌كه‌ی تاڵیبان ده‌كات بۆ كۆنترۆڵكردنی ته‌واوی خاكی ئه‌فغانستان، هه‌رچی روسیایه پێیوایه ده‌بێت به ئاشتی بگه‌نه رێككه‌وتن نه‌ك به داگیركاری، چونكه سێرگی لاڤارۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا رۆژی 3ی ئه‌یلول باسی له‌وه‌كرد، رووسیا داوا له تاڵیبان و گروپه سیاسی و ئیتنییه‌كانی دیكه ده‌كات، له‌سه‌ر حكومه‌تێكی راگوزه‌ر (ئینتیقالی)ـی فره‌لایه‌ن بگه‌نه رێكه‌وتن. به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا ته‌نیا ترسی له شه‌ڕی ئه‌هلی و هاتنه‌وه‌ی ئه‌لقاعیده و داعش هه‌یه و لایه‌نگری هیچ لایه‌نێك ناكات دژی تاڵیبان.
رۆژنامه‌ی "زه نیویۆرك تایمز" له ژماره‌ی 5ی ئه‌یلولدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه، ئه‌مه‌ریكا شه‌ڕی ئه‌هلیی له ئه‌فغانستان ناوێت و به باشی نازانێت و نایه‌وێت رووبدات، چونكه ئه‌و هیچ هێزێكی له‌و وڵاته نه‌ماوه.
جه‌نه‌راڵ مارك میللی، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی هاوبه‌ش پێیوایه، جه‌نگی ئه‌هلی ده‌شێت له ئه‌فغانستان رووبدات به هاتنه‌وه‌ی ئه‌لقاعیده و داعش بۆ ناو گۆڕه‌پانی سیاسی ئه‌فغانستان، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا هیچ هێزێكی له‌و وڵاته نه‌ماوه.
میللی له چوارچێوه‌ی چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "فۆكس نیوز"، رۆژی 4ی ئه‌یلول له بنكه‌ی سه‌ربازی "رامشتاین"ـی ئاسمانی له ئه‌ڵمانیا جه‌ختی له‌وه كرده‌وه: "هه‌ڵسه‌نگاندنی سه‌ربازی ئه‌مه‌یه.. دۆخه‌كه ده‌شێت به‌ره‌و جه‌نگی ئه‌هلی بڕوات".
گوتیشی: "نازانم ئه‌گه‌ر تاڵیبان توانای هه‌بێت ده‌سه‌ڵاتی خۆی جێگیر بكات و حوكمی وڵات به‌رێوه‌به‌رێت"، هه‌روه‌ها گوتی: "یه‌كێك له كێشه‌كان ئه‌وه‌یه، گروپه تیرۆریستییه‌كان پشێوی ئه‌قۆزنه‌وه بۆ جێگیركردنی شوێن پێی خۆیان".
ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت تاڵیبان ده‌سه‌ڵاته‌كانی جێگیر بكات و ناوچه‌یه‌كی ئارام دروست بكات به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ی 29ی شوباتی 2020.
له رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوانیان له‌گه‌ڵ تاڵیبان كه له ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر واژۆیان له‌سه‌ر كردووه، تێیدا هاتووه، ئه‌مه‌ریكا پشتگیری هیچ لایه‌ن و وڵاتێك ناكات له دژی تاڵیبان، له به‌رامبه‌ریشدا تاڵیبان نابێت هاوكاری و پشتیوانی داعش و ده‌وڵه‌تانی نه‌یاری ئه‌مه‌ریكا بكات، بۆیه سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی به رۆیته‌رزی گوتووه: "ئه‌گه‌ر تاڵیبان به‌زوویی و له ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا دۆڵی په‌نجشیر كۆنترۆڵ نه‌كات، جه‌نگی ئه‌هلی رووده‌دات".
سه‌ركرده‌ی هه‌ردوو به‌ره (بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان و به‌ره‌ی به‌رهه‌ڵستكاری نیشتمانی ئه‌فغانستان) باس له تێكشكاندنی یه‌كتر ده‌كه‌ن، به‌ڵام تا ئێستا هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نییه كه هه‌ردوو تا چه‌ند راست ده‌كه‌ن.
تاڵیبان توانی له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا هه‌موو ئه‌فغانستان كۆنترۆڵ بكاته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، شه‌وی 2 ته‌مموز (یۆلیۆی 2021) بنكه‌ی سه‌ربازی هێزی ئاسمانی باگرامی چۆڵ كرد و دوای 20 ساڵ له شه‌ڕكردن له‌و وڵاته، كشانه‌وه‌ی خۆی راگه‌یاند، به‌ڵام تاڵیبان نه‌یتوانیوه نه ئێستا و نه له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتیدا له ساڵانی 1996-2001 فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌و دۆڵه "په‌نجشیر" بكات.
بیلال كه‌ریمی، گوته‌بێژی تاڵیبان له تویتێكدا نوسیویه‌تی: "ناوچه‌ی خه‌نج و عنابه ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه، هێزه‌كانی تاڵیبان توانیویانه له‌كۆی 7 كه‌رت، چوار كه‌رت كۆنترۆڵ بكه‌ن".
له‌درێژه‌ی تویته‌كه‌یدا نوسیویه‌تی: "خۆبه‌ختكارانی تاڵیبان به‌ره‌و ناوه‌ندی پارێزگای بازارك له پێشڕه‌ویدان".
به‌ڵام به‌ره‌ی به‌رهه‌ڵستكاری نیشتمانی ئه‌فغانستان، كه ئێستا كۆكه‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی سه‌ربه سه‌ركرده‌ی ناوخۆ (ئه‌حمه‌د مه‌سعود)ـن، ده‌ڵێت: "هێزه‌كانی تاڵیبان گه‌مارۆدراون له ده‌روازه‌ی خواك و كه‌لوپه‌له سه‌ربازییه‌كانیان له ناوچه‌ی داشتی رواك جێهێشتووه".
فه‌هیم داشتی گوته‌بێژی به‌ره‌ی جه‌نگه‌كه، كه به گوته‌ی میدیاكانی ئه‌فغانستان له یه‌كێك له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كاندا كوژراوه، به ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رزی گوتووه: "پێكدادانه‌كان قورسن".
مارك میللی سه‌ركرده‌ی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی هاوبه‌ش پێیوایه بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌لقاعیده یان هه‌ر هێزێكی هاوشێوه‌ی ئه‌و، وه‌ك داعش له ناوچه‌كه، پێویستی به 12 بۆ 24 مانگ هه‌یه.
ئه‌مه‌ریكا داوا له پاكستان ده‌كات، رۆڵی هاوكاری بگێڕێت له‌گه‌ڵ تاڵیبان بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی سوپای ئه‌فغانستان و كۆنترۆڵكردنی ئه‌فغانستان، هه‌ر بۆیه جه‌نه‌راڵ فایز حه‌مید، سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری پاكستان به گه‌شتێكی له‌ناكاو رۆژی 4ی ئه‌یلول گه‌یشته كابولی پایته‌خت، بێ ئه‌وه‌ی ورده‌كاری ئه‌جێندای كاره‌كه‌ی باس بكات.
به‌ڵام به‌رپرسێكی هه‌واڵگری له پاكستان به "زه واشنتۆن پۆست"ی گوتووه، حه‌مید و گرووپێكی ئاژانسی هه‌واڵگری ناوخۆی هێزه‌كانی پاكستان بۆ هاوكاری هێزه‌كانی تاڵیبان ماونه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه سه‌رله‌نوێ سوپای ئه‌فغانستان رێك بخه‌نه‌وه.

H.B