لەبارەی "هاتنی ئەفغانییەکان بۆ عێراق" روونکردنەوە دەدرێت

K24 - هەولێر
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، هەواڵی نیشتەجێکردنی پەناخوازانی ئەفغانی لە پارێزگای ئەنبار بەدرۆدەخرێتەوە.
کەریم نوری، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە لێدوانێکدا، هەواڵی نیشتەجێکردنی پەناخوازانی ئەفغانی لە پارێزگای ئەنبار بەدرۆخستەوە و رایگەیاند "هیچ داواکارییەکییان لەوبارەوە بەدەست نەگەیشتووە".
دوێنێ چەند دەزگایەکی راگەیاندن بڵاویانکردەوە "لە بەرامبەر پێدانی چەند دەستکەوتێک، بەغدا لەسەر نیشتەجێکردنی پەناخوازانی ئەفغانی لە رۆژئاوای ئەنبار رازی بووە".
ئەمە لەکاتێکدا بەهۆی گەڕانەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ ئەفغانستان، تائێستا 5 ملیۆن و 500 هەزار کەس لە ئەفغانستانەوە ئاوارەی وڵاتان بوونە، هاوکات 2 ملیۆن 900 هەزار کەس ئاوارەی شارە ناوخۆکانی ئەفغانستان بوونە.