نێچیرڤان بارزانی پێشوازى لە شاندێکى پارتى گەلى کۆماریى تورکیا کرد

لە دیداره‌كه‌دا باسى چارەسەرکردنى کێشە و ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە كرا
نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێوازی له‌ "ئۆغوز کائان سالیجى"، جێگرى سەرۆکى CHP كرد
نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێوازی له‌ "ئۆغوز کائان سالیجى"، جێگرى سەرۆکى CHP كرد

K24 - هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە (6ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2021) پێشوازى لە شاندێکى پارتى گەلى کۆماریى تورکیا CHP بە سەرۆکایەتیى "ئۆغوز کائان سالیجى"، جێگرى سەرۆکى پارتەکە کرد.

لە دیدارێکدا، شاندەکە باسى لە ئامانجى سەردانەکەى بۆ هەرێمى کوردستان کرد و جەختى لەوە کردەوە، کە چارەسەرکردنى کێشە و ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە، بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتنى نێوان گەلان و پێکهاتەکان دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش پارەتەکەیان جێبەجێکردنى روانگەیەکى دوورمەوداى لەسەر ئەو بنەمایە دەست پێکردووە و هیواى خواست پەیوەندیى باش و لەسەر بنەماى بەرژەوەندیى گەلانى ناوچەکە لەگەڵ هەرێمى کوردستان و پێکهاتەکانى بنیات بنێن و پێکەوە کار بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و ئارامى و سەقامگیرى لە ناوچەکەدا بکەن، هەر لەمبارەیەوە ئاماژەى بە گرنگیى رۆڵ و پێگەى هەرێمى کوردستان کرد.

لاى خۆیەوە "نێچیرڤان بارزانى" جەختى لە گرنگیى دیالۆگ و لێکگەیشتن و بیروبۆچوونى هاوبەش و دۆزینەوەى رێگەچارەى کێشە و ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە لەسەر بنەماى یەکترقبووڵکردن و نەهێشتنى ئینکار کردەوە و ئەم سەردانەی وەک سیاسەتێکى تازەى CHP لە قەڵەم دا. بەڕێزیان سوپاسى تورکیاى کرد، کە هەمیشە لە تەنگانەدا یارمەتیى خەڵکى کوردستانى داوە و ئاماژەى بە هاوکاریى تورکیا لە کاتى ئۆپەراسیۆنەکانى ئەنفالى 1988دا کرد، کە دەرگاکانى بەڕووى خەڵکى کوردستاندا کردەوە و یارمەتی دان. دەربارەى رۆڵ و پێگەى هەرێمى کوردستانیش دووپاتى کردەوە، کە وەک هەمیشە بە فاکتەرى ئارامى و سەقامگیرى دەمێنێتەوە.

دۆخى گشتى و هەڵبژاردانەکانى داهاتووى عیراق، مەترسییەکانى داعش و پێشبینییەکان بۆ داهاتووى ناوچەکە، چەند تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوون.

سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە شاندێکى پارتى گەلى کۆماریى تورکیا کرد
سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە شاندێکى پارتى گەلى کۆماریى تورکیا کرد