نزیكه‌ی 349 ملیۆن دینار بۆ شەقامە سەرەكییەكانی 8ی حەسارۆك خەرج كرا

وەزارەتی شارەوانی پڕۆژەكە جێبه‌جێ ده‌كات
خزمه‌تگوزاری له‌ كه‌رتی 8ی حه‌سارۆك به‌رده‌وامه‌
خزمه‌تگوزاری له‌ كه‌رتی 8ی حه‌سارۆك به‌رده‌وامه‌

K24 - هه‌ولێر:

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگه‌یاند، بە مەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی كاری خۆڵكاری شەقامە سەرەكییەكانی 40 و 60م لە كەرتی 8ی حەسارۆك، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەسەر رێژەی (15%)ى داهاتى سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بڕیاری دا بە خەرجكردنی گوژمەی (348) ملیۆن و (942) هه‌زار دینار بۆ تەواوكردنی ئەو پڕۆژەیە.

پێشتر "مەسرور بارزانی"، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ كەرتی 8ی حەسارۆك و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش فەرمانگەیەكی تایبەتی بە 8ی حەسارۆك كردەوە، بۆ راییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییانی ئەو كەرتە، ئێستاش پڕۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ 8ی حەسارۆك دەستیپێكردووە.

خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە، كه‌ نزیكه‌ی 349 ملیۆن دیناره‌، لەسەر رێژەی (15%)ى داهاتی شارەوانییە بە مەبەستی جێبەجێكردنی دەرخستەی تایبەت بە پڕۆژەی (ئامادەكردن و كاری خۆڵكاری شەقامە سەرەكییەكانی 40 و 60م لە كەرتی 8ی حەسارۆك) لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بەشێوەی راستەوخۆ لەسەر راسپاردەی ئەنجومەنی وەزیران بە مەبەستی بەپەلە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەشتی حەسارۆك بە گوێرەی یاسا و رێنماییە داراییەكان.

 

د.ی