بلینكن بۆ تاوتوێكردنی چاره‌نووسی ئه‌فغانستان له ده‌وحه‌یه

K24 – هه‌ولێر:
بۆ تاوتوێكردنی چاره‌نووسی ئه‌فغانستان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، "ئه‌نتۆنی بلینكن" گه‌یشته "ده‌وحه"ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر.
سه‌ردانه‌كه دوای ئه‌وه دێت، "ئیماره‌تی ئیسلامی ئه‌فغانستان" سه‌ركه‌وتنی له ویلایه‌تی "په‌نجشێر" راگه‌یاند.
قه‌ته‌ر، به هۆی په‌یوه‌ندییه دۆستانه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان، رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بوو له دانووستانی ئاشتی نێوان تاڵیبان و ئه‌مه‌ریكا.
هه‌روه‌ها قه‌ته‌ر هاوكارێكی سه‌ره‌كی ئه‌مه‌ریكا بوو، له بردنه ده‌ره‌وه‌ی سه‌رجه‌م بیانییه‌كان له ئه‌فغانستاندا.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه (6ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2021)، به‌رپرسێكی باڵای ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، توانیویانه كار ئاسانی بۆ هاتنه ده‌ره‌وه‌ی چوار بیانی دیكه له ئه‌فغانستان بكه‌ن.
له دوای كشانه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كی سوپای ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان له رۆژی (31ی ئاب/ ئۆگستی 2021)، ئه‌مه یه‌كه‌مجاره ژماره‌یه‌ك بیانی له ئه‌فغانستان بچنه ده‌ره‌وه.
"بلینكن" له سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ قه‌ته‌ر به ته‌نیا نییه و "لوید ئۆستن"، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا یاوه‌رییه‌تی.
"بلینكن و ئوستن"، له دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان یه‌كه‌م به‌رپرسی باڵای ئه‌مه‌ریكایین سه‌ردانی ناوچه‌كه بكه‌ن.
بڕیاره سبه‌ی سێشه‌ممه، "بلینكن و ئوستن" له‌گه‌ڵ گه‌وره به‌رپرسانی قه‌ته‌ر ده‌ست به وتوێژ بكه‌ن بۆ تاوتوێكردنی ره‌وشی ئه‌فغانستان.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌مڕۆ له راگه‌یه‌ندراوێكدا، "سوپاسی ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ری كرد، بۆ ئه‌و هاوكارییه به‌تینه‌ی له باره‌ی ئه‌فغانستانه‌وه پێشكه‌شیكردووه".
وه‌زاره‌ته‌كه راشیگه‌یاند، "ئه‌و هه‌وڵ و هیمه‌ته‌ی قه‌ته‌ر بۆ هاوكاریكردن و ئاسانكاری بۆ هاتنه ده‌ره‌وه‌ی هاووڵاتیانی ئه‌مه‌ریكایی و كارمه‌ندانی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له كابول جێی ستایشه".
هاوكات، "بلینكن"یش به‌ر له‌وه‌ی سه‌ردانی قه‌ته‌ر بكات، ستایشی ئه‌و وڵاته‌ی كرد و گوتیشی: له قه‌ته‌ر چاوم به‌و ئه‌فغانیانه‌ش ده‌كه‌وێت، كه له ئه‌فغانستان رامانگواستوون.
هه‌روه‌ها "بلینكن" له‌گه‌ڵ ئه‌و دیپلۆماتكاره ئه‌مه‌ریكایانه‌ش كۆده‌بێته‌وه، كه دوای داخرانی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له كابول گواستراونه‌ته‌وه بۆ ده‌وحه.
یه‌كێكی دیكه له ته‌وه‌ره‌كانی گفتوگۆی ئه‌مه‌ریكا و قه‌ته‌ر، ئاواكردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی كابوله. ئه‌مه‌ریكا رای وایه گرنگه قه‌ته‌ر و توركیا ئه‌و هه‌نگاوه بگرنه به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كه ئاوا بكرێته‌وه و بتوانرێت له رێگه‌یه‌وه كۆمه‌كی مرۆیی ره‌وانه‌ی ئه‌فغانستان بكرێت.
دانووستانه‌كان له‌گه‌ڵ تاڵیبان
قه‌ته‌رییه‌كان له‌گه‌ڵ تاڵیباندا له (2013)ه‌وه له په‌یوه‌ندیدان.
ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی قه‌ته‌ر و تاڵیبان له‌سه‌ر داواكاری سه‌رۆكی ئه‌و كاتی ئه‌مه‌ریكا، "باراك ئۆباما" بووه.
له سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تی "دۆناڵد تره‌مپ"دا، قه‌ته‌ر میوانداری دانووستانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و تاڵیبان كرد.
له مانگی (شوبات/ فێبرایه‌ری 2020)دا، تاڵیبان و ئه‌مه‌ریكا گه‌یشتنه رێككه‌وتن و به گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه، پێویست بوو له كۆتایی (ئایار/ مایۆی 2021)، ته‌واوی سوپای ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان بچێته ده‌ره‌وه.
دواتر ماوه‌كه درێژكرایه‌وه و له (31ی ئاب/ ئۆگستی 2021) ته‌واوی هێزه بیانییه‌كان ئه‌فغانستانیان به‌جێهێشت.
ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ تاڵیبان واژووی كرد، یه‌كلایه‌نه كرا و هیچ پرس و راوێژێك به حكومه‌تی كابول نه‌كرا، ئه‌مه‌ش به گورزێكی كوشنده هه‌ژمار كرا، كه ئه‌مه‌ریكا له پێگه‌ی حكومه‌تی كابولی دا و سه‌ره‌نجام رێككه‌وتنه‌كه به قازانجی تاڵیبان و كه‌وتنی كابول شكایه‌وه.
سه‌رچاوه: فرانس پرێس