داعش خۆی رێکخستووەتەوە و "چەک و پارەی زۆری دەسکەوتووە"

چەکدارانی داعش شێوازی شەڕیان گۆڕیوە
چەکدارانی داعش - ئەرشیف
چەکدارانی داعش - ئەرشیف

K24 - هەولێر

بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە  ھۆشداری دەدات، کە داعش چەک و پارەی باشی دەسکەوتووە،و لە داھاتووشدا ھێرشەکانی زیاتر دەکات و جۆری  شەڕ و کردەوەکانیشی  گۆڕاون.

عەمید عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و ھۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان و ئەو شوێنانەی کە خۆیان لێ حەشارداوە، توانیویەتی باش خۆی رێکبخاتەوە. ئێستا هەست بەوە دەکەین چەکدارانی داعش چەکی باشیان پێیە و دەتوانن بە خێرایی ئامانجەکان بپێکێ، هەروەها شێوازی شەڕکردنیان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "عەقڵیەتێک لەو ناوچانە زاڵە کە  باوەڕی بە تیرۆر هەیە و داعش ئاراستەی دەکات، بۆیە جگە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ سەر داعش، ئەرکی هەموو لایەکە، بە هاوبەشی ئیش بکەین بۆ نەهێشتنی فکری داعش".

بەرەبەیانی رۆژی 5/9/2021 داعش لە ھێرشێکدا 15 ئەندامی ھێزە ئەمنییەکانی لە کەرکووک کوشت، لە سنوری مەخمووریش سێ کەسی دیکەی کوشت. رۆژ دوای رۆژیش داعش چالاکییەکانی زیاتر دەکات و گۆڕانکاریشی لە جۆری ھێرشەکانی کردووە.

داعش توانیویەتی سوود لەو بۆشایە ئەمنییە وەرگرێت، کە لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا ھەیە. حکومەتی عێراقیش بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە رێگرە لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە، شارەزایانی سەربازیش نایشارنەوە سوپا و حەشدی شەعبی توانای کۆنترۆڵی ناوچە کوردستانییەکانیان نییە و تاکە رێگەش گەڕانەوەی پێشمەرگەیە بۆ ئەو ناوچانە.

شێرکۆ توفیق، شارەزای بواری سەربازی دەڵێت: "تەنیا چارەسەر بۆ ئارامی لە ناوچە کوردستانییەکان گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەیە، بەڵام سوپای عێراق بووەتە بەربەست بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە. بە دڵنیاییەوە پۆلیس و سوپا و حەشدی شەعبی ناتوانن ئەو ناوچانە بپارێزن. رێککەوتنی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی، ئاستەنگی زۆری بۆ دروست دەکرێت، بۆیە نەتوانراوە ئەو بۆشاییە پڕ بکرێتەوە، بەبێ پێشمەرگە ئارامی بۆ ئەو ناوچانە ناگەڕێتەوە و ناتوانرێ بیان پارێزن".

ھەولێر و بەغدا لە گفتوگۆدان بۆ  چارەسەری دۆخی سەربازیی و ئەمنی ناوچە کوردستانییەکان، بەگوتەی بەرپرسانی هەردوولا پێکھێنانی دوو لیوای ھاوبەش لە قۆناغی کۆتایی دایە، بەڵام بەغدا تەگەرە بۆ  جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان دروست دەکات.