"هه‌ر كچێك مه‌رجه‌كانی به‌دڵ نییه، ده‌توانێ زانكۆ جێهێڵێت"
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
به په‌رده‌یه‌ك كچان و كوڕان له‌نێو هۆڵی خوێندنی زانكۆكانی ئه‌فغانستان، جیاده‌كرێته‌وه و كچان-یش پێویسته سێ جۆر پۆشاكی ئیسلامی له‌به‌ركه‌ن، له‌هه‌مانكاتیشدا پێویسته كچان پێنج ده‌قیقه زووتر بڕۆنه ده‌ره‌وه له پۆله‌كان، بۆئه‌وه‌ی تێكه‌ڵ به كوڕان نه‌بن.
رۆژی 6ی ئه‌یلوول (سێپتێمبه‌ری 2021) ده‌رگای زانكۆكانی ئه‌فغانستان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك بڕیاری نوێی ده‌سته‌ی خوێندنی باڵای بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان-دا كرایه‌وه، كه به‌پێی پسپۆرانی زانكۆ تا راده‌یه‌ك جێبه‌جێكردنی قورسه.
مامۆستایانی زانكۆكانی ئه‌فغانستان پێیانوایه بۆ ئه‌مساڵی خوێندن كچان و كوڕان ده‌توانن له یه‌ك پۆلدا پێكه‌وه بخوێنن، به‌ڵام له رێگه‌ی په‌رده‌یه‌كی ئه‌ستووره‌وه كه له سه‌قفی پۆله‌كه‌وه شۆڕكراوه‌ته‌وه بۆ خواره‌وه، نێوانیان جیاده‌كرێته‌وه.
مامۆستایه‌ك له زانكۆی ئیبن سینا له كابول به رۆیته‌رز-ی گوتووه: "سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی جیاكردنه‌وه‌ی كوڕان و كچان ده‌شێت ببێته سه‌ره‌تای جیاكردنه‌وه‌ی پۆل له ساڵی ئایینده و بۆ دواتریش جیاكردنه‌وه‌ی زانكۆی كوڕان و كچان".
مامۆستاكه گوتوشیه‌تی وێڕای ئه‌وه‌ی چاو به‌چاو ده‌كه‌وێت له‌نێوان كوڕان و كچان، به‌ڵام شه‌ریعه‌تی ئیسلام مه‌رجی دانه‌ناوه بۆ جیاكردنه‌وه‌ی مێ له ته‌واوی نێر به‌ده‌ر له ئه‌ندامانی خێزانی نزیك له‌یه‌كتر.
ئه‌و مامۆستایه جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه كه به‌رپرسێكی تاڵیبان هاتووه بۆ ناو زانكۆ و پێی گوتوون: "كێ مه‌رجه‌كانی ده‌سته‌ی خوێندنی باڵای تاڵیبان-ی په‌سه‌نده بخوێنێت، هه‌ر كچێكیش به‌دڵی نییه، ده‌توانێ له‌ماڵه‌وه دا‌نیشێت و زانكۆ به‌جێبهێڵێت".
مانگی رابردوو، دوای ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی تاڵیبان به‌سه‌ر كابول-دا، محه‌مه‌د سوهیل شاهین گوته‌بێژی فه‌رمی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی نێوده‌وڵه‌تی تاڵیبان به زه لۆس ئه‌نجلس تایمز-ی راگه‌یاند كه رێگه به‌ئافره‌تان ده‌درێت كاربكه‌ن له فه‌رمانگه‌كان و ده‌شتوانن بڕوانامه‌ی زانكۆ به‌ده‌ستبهێنن.
به‌ڵام جه‌لیل تاجلیل گوته‌بێژی زانكۆی ئیبن سینا له كابول دوێنێ 6ی ئه‌یلوول له‌دوای كردنه‌وه‌ی ده‌رگای زانكۆكان به لۆس ئه‌نجلس تایمزی گوتووه كه جیاكردنه‌وه‌ی كچان و كوڕان جێبه‌جێكراوه و كاره‌كه‌ش ته‌واو بووه، گوتیشی: "ئێمه ده‌سه‌ڵاتی ره‌تكردنه‌ی بڕیاره‌كانمان نییه تا ره‌تیكه‌ینه‌وه".
باسی له‌وه‌شكرد كه گومانیان له به‌رده‌وامبوونی دۆخه‌كه هه‌یه به‌هۆی كه‌می گه‌ڕانه‌وه‌ی كچان بۆ زانكۆ.
ئێستا چی روده‌دات له نێو زانكۆكانی ئه‌فغانستان، له‌ئێستاوه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه چاودێری وردی دۆخه‌كه ده‌كرێت كه ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ده‌یه‌وێت مافی ئافره‌تان بپارێزن به هاوكاریكردنیان له كاروباری ژیاری و به‌شداری دیپلۆماتی یاخود نه‌خێر!
كاتێك ئه‌م گروپه له ساڵی 1996 - 2001 حوكمیان كرد، رێگر بوون له چوونی كچان بۆ قوتابخانه و زانكۆكان و كاركردن له فه‌رمانگه‌كان.
وێڕای ئه‌و جه‌ختكردنه‌وانه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی دوایی به‌رامبه‌ر رێزگرتنی مافی ژنان و كچان به‌پێی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی، به‌ڵام روون نییه تاڵیبان به پراكتیك جێبه‌جێی ده‌كات یان نا.
مامه‌ڵه‌ی ئاوریشمیانه
تاڵیبان به‌ڵێنیداوه كه ئاوریشمیانه مامه‌ڵه بكات، وێڕای ئه‌وه‌ی وه‌ك وتمان كه مێژوویه‌كی خراپی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئازادی راده‌ربڕین و مافی ژنان و كچاندا.
به‌ڵام ئه‌مجاره بزووتنه‌وه‌كه ده‌ڵێن: "رێگه ده‌ده‌ین به كچان بڕۆنه زانكۆ له سایه‌ی سیستمێكی نوێ".
به‌ڵام به‌پێی ئاژانسی فرانس پرێس ئه‌و له‌سایه‌ی ئه‌و سیستمه نوێیه كچان رووبه‌ڕووی رێگری توند بوونه‌ته‌وه له پۆشینی به‌رگ و جوڵه‌یان له‌پۆل و ته‌نانه‌ت له زانكۆشدا.
به‌پێی ئاژانسی فرانس پرێس تاڵیبان ده‌ڵێت رێگه ناده‌ین كچان بچنه زانكۆ به‌بێ پۆشینی سێ جۆر به‌رگ (سه‌رتاپای پۆشینی عه‌با -چیدۆر، نیقاب و بۆرقا)، وێڕای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كوڕانیش جیاده‌كرێنه‌وه به په‌رده‌یه‌ك له پۆله‌كانیان.
ئاژانسی فرانس پرێس چوار جۆری پۆشاكی ئیسلامی بڵاوكردۆته‌وه كه تاڵیبان رێگه به سێ جۆریان ده‌دات، بێئه‌وه‌ی ئاماژه به حیجاب-ی ئاسایی بده‌ن، واته رێگه به كچان نادرێت به سه‌رداپۆشینی ئاساییه‌وه بچنه زانكۆوه هه‌رچه‌نده له رۆژانی سه‌ره‌تای خوێندن رێگه‌یان پێدراوه، بۆیه ئێستا رێكخراوه‌كانی ئافره‌تان له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان كه حیجاب بهێڵنه‌وه له‌ناو زانكۆ.
زوهره به‌همه‌ن، چالاكوانێكی ژنانی كابول-ه‌و له هه‌مانكاتدا كار بۆ پرۆگرامی به‌خشینی دارایی (Scholarship) ده‌كات بۆ كچان له زانكۆكانی ئه‌فغانستان، له تویتێكدا نووسیویه‌تی: "هه‌وڵمداوه ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه بتوانم پرۆگرامی به‌خشینی دارایی بۆ كچانی قوتابی به‌ده‌ستبهێنم، ئه‌مڕۆ 6ی ئه‌یلوول قسه‌م له‌گه‌ڵ كچان كرد بۆ پرۆگرام كه ئه‌وان دڵخۆش بوون به گه‌ڕانه‌وه بۆ زانكۆ به مه‌رجێ به حیجابه‌وه بێت".
ده‌شنووسێت: "كردنه‌وه‌ی ده‌رگای زانكۆ به‌ڕووی كچان پێشكه‌وتنێكی سه‌ره‌كییه بۆ تاڵیبان، رێگه‌مان بده‌ن به‌رده‌وام بن له به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانمان و ئازادی دیكه".
ئه‌مه ئیسلامی هه‌قیقی نییه
رۆژی 5ی ئه‌یلوول (سێپتێمبه‌ری 2021) ده‌سته‌ی خوێندنی باڵای سه‌ر به بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان، به‌یاننامه‌یه‌كی دورودرێژی بڵاوكرده‌وه كه تێیدا مه‌رجه‌كانی خوێندنی ساڵی نوێی زانكۆی تێدا ده‌ستنیشانكراوه، له‌وانه: "جیاكردنه‌وه‌ی كورسی دانیشتنی نێوان كچان و كوڕان به په‌رده‌یه‌ك له‌یه‌ك پۆلدا یان ده‌بێت نێوانی كوڕان و كچان 15 كورسی دانیشتن نێوانیان بێت، هه‌روه‌ها كچان ده‌بێت سێ جۆر به‌رگ بپۆشن".
نور عه‌لی عه‌بدولره‌حمانی، به‌ڕێوه‌به‌ری زانكۆی گرجستان له كابول به رۆیته‌رز ده‌ڵێت: "تا ڕاده‌یه‌ك زانكۆكان چۆڵن"، گوتیشی:"ئێمه به ده‌سته‌ی خوێندنی باڵا-مان گوتووه ئه‌سته‌مه ئه‌مه جێبه‌جێبكرێت".
ده‌شڵێت: "پێشمانگوتوون، ئه‌مه ئیسلامی هه‌قیقی نییه و قورئانیش وای نه‌وتووه".
به‌پێی خاڵێكی تری به‌یاننامه‌كه‌ی ده‌سته‌ی خوێندنی باڵا-ی تاڵیبان پێویسته كچان 5 ده‌قیقه زووتر له هۆڵی خوێندن بچنه‌ده‌ره‌وه و به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش له ناو زانكۆ كچان و كوڕان بۆیان نییه پێكه‌وه بوه‌ستن.
ئاژانسی ئه‌سۆشیتید پرێس رۆژی 6ی ئه‌یلوول نووسیویه‌تی: "هه‌میشه داڵان و رێڕه‌وی به‌رده‌م هۆڵه‌كانی زانكۆ له رۆژانی یه‌كه‌می كردنه‌وه‌ی ده‌رگای زانكۆ پڕن له قوتابی به‌ڵام كه‌می ژماره‌ی خوێندكار له زانكۆكانی كابول سه‌رسوڕهێنه‌ره".
به‌پێی قسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری زانكۆی گورجستان له كابول، 20%ی قوتابیان په‌یوه‌ندیان به زانكۆوه كردۆته‌وه، گوتیشی: "به‌پێی ئه‌و داتایه‌ی ده‌ستمان كه‌وتووه 30% خوێندكارانی زانكۆكه‌مان كۆچی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیان كردووه".
هه‌روه‌ها ره‌زا ره‌مه‌زان مامۆستای وانه‌ی كۆمپیوته‌ره له زانكۆی گورجستان، ده‌ڵێت: "قوتابیان ماندوون، له‌ده‌ره‌وه‌ی زانكۆ سه‌ر‌كۆنه (ئیهانه) ده‌كرێن و تووشی گێچه‌ڵ ده‌بنه‌وه له‌لایه‌ن ئه‌و هه‌موو بازگه و چه‌كداره‌ی سه‌ر شه‌قامه‌كانه‌وه، پشكنینی مۆبایل و كۆمپیوته‌ره‌كانیان نیگه‌رانی كردوون".
هه‌روه‌ها یه‌كێكی تر له‌و هه‌نگاوانه‌ی ترسی خستۆته دڵی مامۆستا گه‌نجه‌كانه‌وه ئه‌وه‌یه كه رژێمی تاڵیبان به‌نیازه له رێگه‌ی خوێندنی باڵاوه ده‌رگای دامه‌زراندن بۆ ئه‌و مامۆستا به‌ته‌مه‌نانه بكاته‌وه كه خانه‌نشین بوون، چونكه به‌پێی ئه‌و بڕیاره‌ی كه تاڵیبان گه‌ڵاڵه‌ی كردووه به نیازه ئاراسته‌ی زانكۆكانی بكات، مامۆستایانی به ته‌مه‌ن خاوه‌نی ئه‌خلاقێكی تێر و ته‌واو ترن.