ئەو هاووڵاتییەی داعش لە گوندی شەحەل رفاندی ئازاد کرا
K24 – هەولێر
چەند رۆژێک لەمەوبەر چەکدارانی داعش پەلاماری گوندی شەحەلی کۆنیان دا لە سنووری شارەدێی سەرگەڕان، هاووڵاتییەکی گوندەکەیان بەناوی نایف محەمەد رفاند، ئەمڕۆ ئەو هاووڵاتییە ئازاد کرا.
ناسر هەرکی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو هاووڵاتییەی لە گوندی شەحەلی کۆن لەلایەن چەکدارانی داعش رفێنرابوو، ئازاد کرا، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵی دەگەڕێتەوە ناو خێزانەکەی".
بەرەبەیانی رۆژی 2/9/2021، چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر گوندی شەحەلی کۆنی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان لە سنووری کەرکووک، لە ئەنجامدا سەربازێکی سوپای عێراق کوژرا و حەوت هاووڵاتی گوندەکەش بریندار بوون، هەر ئەوکات محەمەد نایف لەلایەن چەکدارانی داعش رفێنرا.
دوای رووداوەکەش بریندارانی گوندی شەحەل بۆ چارەسەر هێنرانە هەولێر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە نوێنەرایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، له نەخۆشخانەی ئیمرجنسی هەولێر، سهردانی بریندارەکانی کرد و سڵاوی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستانی پێڕاگهیاندن و لە نزیکەوە لە بارودۆخ و تەندروستییانی پرسی و بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی ڕێڕەوی چارەسەرییە پزیشکییەکان کرد و كارگێڕی نهخۆشخانه و پزیشكانی راسپارد چی پێویسته بۆ چارهسهركردنیان بكرێت.