یەکێتی ئەوروپا پشتیوانیی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات‌

یەکێتی ئەوروپا بنکەیەکی دیکەی راوێژکاری لە هەولێر دەکاتەوە
دیداری مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و جۆزێپ بوڕێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا
دیداری مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و جۆزێپ بوڕێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا

K24 - هه‌ولێر:

جۆزێپ بوڕێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێم لە کۆنگرەیه‌كی رۆژنامەوانیدا ئامانجی سەردانەکەی بۆ هەولێر ئاشکرا کرد و رایگەیاند، هاتووە تا پشتیوانی یەکێتی ئەورووپا بۆ هەرێمی کوردستان دەرببڕێت، لەم چوارچێوەیەشدا بنکەیەکی دیکەی راوێژکاری یەکێتی ئەورووپا لە هەولێر دەکەنەوە، ئەمە جگە لەوەی کە یەکێتی ئەورووپا بە دوای بنیاتنانەوەی عێراقە لە رێی بە‌‌‌هێزکردنی دامەزراوەکانییەوە.

یەکێتی ئەوروپا بە دوای دووبارە بنیاتنانەوەی عێراقە، لەڕێی بەهێزکردنی دامەزراوەکانەوە، بەتایبەت لە دوای بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن، هەرێمی کوردستان هاوکاری یەکێتی ئەورووپا دەبێت، بۆیە جۆزێپ بوڕێڵ دوای بەغدا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی کورد کۆدەبێتەوە.

كەریم کاوە، چاودێری سیاسی گوتی: "كورد یه‌كێك له‌ چوار نه‌ته‌وه‌یه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌ و خاوه‌نی پێگه‌یه‌، له‌و به‌رژه‌وه‌ندی و پڕۆسه‌ سیاسییه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌گوزه‌رێت، كاریگه‌ری خۆی هه‌یه‌، هاتنی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌رێمی كوردستان توانیویه‌تی ئه‌م پێگه‌ قورسه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی بڕه‌خسێنێت".

جۆزێپ بوڕێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا، لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکه‌ی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامانجی سەردانەکەی بۆ هەولێر ئاشکرا کرد، كه‌ هاتووە تا دووپاتكردنه‌وه‌ی پشتیوانیكردنی یەکێتی ئەورووپا بۆ هەرێمی کوردستان دەرببڕێت، لەم چوارچێوەیەشدا بنکەیەکی دیکەی راوێژکاری یەکێتی ئەورووپا لە هەولێر دەکەنەوە.

کارۆخ نوورەددین، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان گوتی: "هه‌رێمی كوردستان له‌ رووی سیاسییه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ پێش قۆناغی 2017، واتا قۆناغی سیاسی و ئابووریی خۆی، به‌بێ پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش، هیچ لایه‌نێكی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی ناتوانن ئه‌جێندای سیاسیی خۆیان له‌ ناوچه‌كه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن".

بابەتێکی دیکە کە جۆزێپ بوڕێڵ بۆی هاتووەتە عێراق، پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە لە عێراق، یەکێتی ئەوروپا خۆی لەڕێی ناردنی چاودێرە نێودەوڵەتییەکانەوە سەرپەرشتی پڕۆسەکە دەکات، ئەمەش بە ئامانجی سەرخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن و لەهەمان کات رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و داعش لە ناوچەکەدا.

د.ی